رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵدرایەوە و چەند کەسێکیش خۆیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەربژێر کرد. سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە ئەمڕۆوە دەبێت پەرلەمانتارەکان دەوام بکەن و جارێکی دیکەش دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ بەربژێری سەرۆکایەتی ناکرێتەوە.
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی دوێنێ سوێندی یاساییان خوارد لە ئەمڕۆوە دەبێت وەکو پەرلەمانتار دەوامی خۆیان بکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن".
لەبارەی ئەوەی کەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەستپێدەکاتەوە هیوا نەسرەدین گوتی: "کات دیاری نەکراوە، بۆیە دەبێت لێکتێگەیشتنی سیاسیی هەبێت، ئەگەر وانەبێ چەند جاری دیکەش سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان زەنگی چوونە ژوورەوە لێبدات پەرلەمانتاران ناچنە ژوورەوە و سوودی نابێت".
بەربژێرانی سەرۆکی پەرلەمان
دوێنێ لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هەریەکە لە فرکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پێکهاتەکان بەربژێری خۆیان تۆمار کرد.
بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب. یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی شیرین یونس و شلێر غەفوور. هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند، لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن.
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بەگوێرەی پەیڕەی نێوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی دوێنێ خۆیان بەربژێر کرد، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ