رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ داواکاریی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندێکی نێودەوڵەتیش لەگەڵ شاندەکەی دەم پارتی ئامادە دەبن و ئەمڕۆ (سێشەممە، 3-12-2024) داواکارییەکە دەگەیێنن.
شاندە نێودەوڵەتییەکە لە 14 کەس پێکهاتوون، زۆربەیان سیاسەتڤان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی ئیسپانیا، نەوریج، ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی دیکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو دەم پارتی داواکاریی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێش بە وەزارەتی داد کردبوو.
چی روویدابوو؟
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەشێکی پەرلەمانتارانی کرد. ئەمە، هەر زوو بووە رۆژەڤی تورکیا.
باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت، بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە، کۆتایی پێبێنێت.
ئەو هەڵوێست و هەنگاوانە لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت. بەشێکیان باس لە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە چارەسەکردنی پرسی کورد دەکەن؛ بەشێکیش بابەتەکە بە نووسینەوەی دەستوورەوە گرێدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ