لەگەڵ رەنج؛ نزیکەی پێنج ساڵە 171 رووفاتی ئەنفالکراوان لە دادپزیشکی بەغدان
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2019ـەوە لە ناوچەی تلشێخی سەر بە پارێزگای سەماوە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە و رووفاتی 171 ئەنفالکراو کە 97یان ژن و 47یشیان منداڵن دەرهێنراون و براونەتە دادپزیشکی بەغدا. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان، داوای ملیارێک و 500 ملیۆن دینار کراوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر داوە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق پێوەی پابەند نابێت".
رۆژی یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی؛ هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكار لە پرسی ئەنفال؛ هێمن محەممەد، سەرۆكی رێكخراوی رزگاربوانی ئەنفال؛ جەبار عومەر، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان و هیوا محەممەد، كوڕی ئەنفالكراوێك چارەنووسی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كورد لە عێراق و گەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوەکانیان تاوتوێ کرد کە نزیکەی پێنج ساڵە لە دادپزیشکی بەغدان.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق "کەمتەرخەمە"
پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، وەزارەتی تەندروستی عێراق بە کەمتەرخەم دەزانێت بۆ دواکەوتنی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 171 رووفاتەی لە دادپزیشکی بەغدان.
كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند؛ "گۆڕی ئەم 171 ئەنفالکراوە لە ساڵی 2019ـەوە لە ناوچەی تلشێخی سەر بە پارێزگای سەماوە هەڵدراوەتەوە و لەو کاتەوە لە دادپزیشکی بەغدان، بەپێی یاسا هەر تەرمێک دەچێت بۆ دادپزیشکی، نابێ لە دوو مانگ زیاتر بمێنێتەوە و ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر مایەوە، دەبێ دادپزیشکی بەخاکی بسپێرێت".
کاروان یاروەیس، کەیسی رووفاتی ئەنفالکراوان بە جیا لەو یاسایە وەسف دەکات و دەشڵێت؛ "وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە وەرگرتنەوەی ئەو رووفاتانە، بەڵام دادپزیشکی بەغدا و وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆکارن بۆ نەگەڕانەوەیان و ئەوان کەمتەرخەمن لە راییکردنی کاروبارەکان".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە؛ "بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نەگەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە لۆژیکی نییە، لەبەرئەوەی ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە لە دادپزیشکین، بەڵام هەر لایەنێک هۆکار بێت لەو دواکەوتنە، لە کۆتاییدا ئێمە وەکو کورد خاوەنی پرسەکەین و تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسە نەتەوەییە".
وەزیری دارایی عێراق "پابەندی بڕیاری سەرۆکوەزیران نابێت"
کاروان یاروەیس باس لەوە دەکات، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی ئەو 171 رووفاتە بکرێت، بەڵام سەرباری رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "وەزیری دارایی عێراق بە بڕیارەکەوە پابەند نەبووە".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵیت، "بەپێی مادەی 6ـی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەڵدانەوەی گۆڕەکان، جیاکردنەوەی رووفاتەکان و پشکنینی DNA و تەنانەت تێچووی گەڕانەوەیان و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، من لە داواکاری گشتی سکاڵام لەسەر کەمتەرخەمییەکانی عێراق لە نەگەڕانەوەی ئەو 171 رووفاتە تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 جار گوشار خراوەتە سەرم بۆ کشاندنەوەی ئەم سکاڵایە".
بەشێکی زۆری ئەو 171 رووفاتەی لە دادپزیشکی بەغدان، ژن و منداڵن و لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا مەمکەمژە و قەترە و شڕووبی منداڵ دۆزراونەتەوە، کاروان یاروەیس گوتی: "ئێستا ئەو کەلوپەلانە لەنێو کارتۆندا لە کۆگە هەڵگیراون، لەکاتێکدا دەبوو ئێستا هێنرابانەوە و لە مۆزەخانەکانی تایبەت بە ئەنفال لە هەرێمی کوردستان پارێزرابان".
بە گوتەی کاروان یاروەیس، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی، داوای یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری کردووە، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە دەرکردووە، بەڵام وەزیری دارایی پابەندی بڕیارەکە نەبووە".