لەگەڵ رەنج؛ نزیکەی پێنج ساڵە 171 رووفاتی ئەنفالکراوان لە دادپزیشکی بەغدان

03-12-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵی 2019ـەوە لە ناوچەی تلشێخی سەر بە پارێزگای سەماوە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە و رووفاتی 171 ئەنفالکراو کە 97یان ژن و 47یشیان منداڵن دەرهێنراون و براونەتە دادپزیشکی بەغدا. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان، داوای ملیارێک و 500 ملیۆن دینار کراوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر داوە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق پێوەی پابەند نابێت".
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری ‏عێراق ‏‏‌لە فراكسیۆنی یەكێتی؛ هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكار ‏لە ‏پرسی ‏ئەنفال؛ هێمن محەممەد، سەرۆكی رێكخراوی رزگاربوانی ‏ئەنفال؛ جەبار عومەر، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی ‏گەرمیان و هیوا محەممەد، كوڕی ئەنفالكراوێك چارەنووسی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كورد لە عێراق و گەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوەکانیان تاوتوێ کرد کە نزیکەی پێنج ساڵە لە دادپزیشکی بەغدان.
 
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق "کەمتەرخەمە"
 
پەرلەمانتارێکی ‏عێراق ‏‏‌لە فراكسیۆنی یەكێتی، وەزارەتی تەندروستی عێراق بە کەمتەرخەم دەزانێت بۆ دواکەوتنی پشکنینی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 171 رووفاتەی لە دادپزیشکی بەغدان.
 
كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری ‏عێراق ‏‏‌لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند؛ "گۆڕی ئەم 171 ئەنفالکراوە لە ساڵی 2019ـەوە لە ناوچەی تلشێخی سەر بە پارێزگای سەماوە هەڵدراوەتەوە و لەو کاتەوە لە دادپزیشکی بەغدان، بەپێی یاسا هەر تەرمێک دەچێت بۆ دادپزیشکی، نابێ لە دوو مانگ زیاتر بمێنێتەوە و ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر مایەوە، دەبێ دادپزیشکی بەخاکی بسپێرێت".
 
کاروان یاروەیس، کەیسی رووفاتی ئەنفالکراوان بە جیا لەو یاسایە وەسف دەکات و دەشڵێت؛ "وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە وەرگرتنەوەی ئەو رووفاتانە، بەڵام دادپزیشکی بەغدا و وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆکارن بۆ نەگەڕانەوەیان و ئەوان کەمتەرخەمن لە راییکردنی کاروبارەکان".
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە؛ "بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نەگەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە لۆژیکی نییە، لەبەرئەوەی ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە لە دادپزیشکین، بەڵام هەر لایەنێک هۆکار بێت لەو دواکەوتنە، لە کۆتاییدا ئێمە وەکو کورد خاوەنی پرسەکەین و تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسە نەتەوەییە".
 
 
وەزیری دارایی عێراق "پابەندی بڕیاری سەرۆکوەزیران نابێت"
 
کاروان یاروەیس باس لەوە دەکات، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی ئەو 171 رووفاتە بکرێت، بەڵام سەرباری رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "وەزیری دارایی عێراق بە بڕیارەکەوە پابەند نەبووە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی ‏عێراق ‏‏‌لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵیت، "بەپێی مادەی 6ـی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەڵدانەوەی گۆڕەکان، جیاکردنەوەی رووفاتەکان و پشکنینی DNA و تەنانەت تێچووی گەڕانەوەیان و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، من لە داواکاری گشتی سکاڵام لەسەر کەمتەرخەمییەکانی عێراق لە نەگەڕانەوەی ئەو 171 رووفاتە تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 جار گوشار خراوەتە سەرم بۆ کشاندنەوەی ئەم سکاڵایە".
 
بەشێکی زۆری ئەو 171 رووفاتەی لە دادپزیشکی بەغدان، ژن و منداڵن و لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا مەمکەمژە و قەترە و شڕووبی منداڵ دۆزراونەتەوە، کاروان یاروەیس گوتی: "ئێستا ئەو کەلوپەلانە لەنێو کارتۆندا لە کۆگە هەڵگیراون، لەکاتێکدا دەبوو ئێستا هێنرابانەوە و لە مۆزەخانەکانی تایبەت بە ئەنفال لە هەرێمی کوردستان پارێزرابان".
 
بە گوتەی کاروان یاروەیس، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی، داوای یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری کردووە، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە دەرکردووە، بەڵام وەزیری دارایی پابەندی بڕیارەکە نەبووە".
 
20 ناسنامە لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا دۆزراونەتەوە
 
سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكار ‏لە ‏پرسی ‏ئەنفال دەڵێت، "لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی 171 رووفاتی تێدا دۆزراونەتەوە، 20 ناسنامەش دۆزراونەتەوە کە هەموویان سەر بە چەند گوندێکی نزیک لە یەکن و ئەوەش کاری دۆزینەوەی کەسوکاری رووفاتەکان ئاسانتر دەکات".
 
هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكار ‏لە ‏پرسی ‏ئەنفال گوتی، "لە تەنیشت ئەو گۆڕەی لە سەماوە هەڵدراوەتەوە، دوو گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە کە رووفاتی هەندێکیان بەدەرەوەیە"
 
وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا 20 ناسنامە دۆزراونەتەوە کە هەموویان سەر بە چەند گوندێکن، ئێمە لە کۆبوونەوەیەکدا پێشنیازمان کرد لەو چەند گوندە چەند کەسێک ببەن و پشکنینی DNAـیان بۆ بکەن و بەراوردیان بکەن لەگەڵ پشکنینی رووفاتەکان".
 
 
ناوی 150 کەس بۆ پشکنینی DNA "رەوانەی بەغدا کراوە"
 
جەبار عومەر، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی ‏گەرمیان رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی رێکخراوەکان و وەزیری شەهیدان، قوباد تاڵەبانی رایسپاردین بۆ هێنانەوەی بەپەلەی ئەم 171 رووفاتە و گوتی "دواکەوتنیان چیدیکە جێگەی قبووڵکردن نییە"، لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا ناوی ئەو ئەو کەسانە تۆمار بکەین کە پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت".
 
جەبار عومەر دەڵێت، "پێشتر 30 ناومان بۆ بەغدا نارد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان لە هەر گوند و ناوچەیەک چەند کەسێکمان هەڵبژاردبوو، لە قۆناخی دووەمیشدا نزیکەی 120 کەس ناویان تۆمار کردووە و 15 رۆژ لەمەوبەر لە رێگەی وەزیری شەهیدانەوە ناوەکانمان رەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی DNAـیان بۆ بکرێت".
 
لەو 171 رووفاتەی لە دادپزیشکی بەغدان، 97 کەسیان ئافرەتن و 74ـیشیان منداڵن، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی ‏گەرمیان گوتی، "جگە لە پشکنینی DNA لە کەسوکاریان، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ ناسینەوەیان، بۆیە ئێستا ناوی کەسوکاریانمان ناردووە و بەم نزیکانە کار دەکرێت بۆ وەرگرتنی DNA ئەو 150 کەسە".
 
هێمن محەممەد، سەرۆكی رێكخراوی رزگاربوانی ‏ئەنفال پێیوایە ئەوە شێوازێکی "هەڕەمەکی"یە بۆ وەرگرتنی نموونە لە کەسوکاری ئەم رووفاتانە و دەڵیت؛ "دەبێ میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نموونەی DNA دابنرێت و کوردستان بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکرێت، واتە لە هەر ناحیە و عەشیرەتێک نموونەی چەند کەسێکیان وەربگیرێت و لەگەڵ ئەو رووفاتانەی دەدۆزرێنەوە بەراوردیان بکەن".
 
 
یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان "باسی کوردی تێدا نییە"
 
هێمن محەممەد، سەرۆكی رێكخراوی رزگاربووانی ‏ئەنفال پێیوایە؛ "دووبەرەکی و ململانێی حیزبی لە کوردستان کاری کردووەتە سەر پرسە نەتەوەیی و گشتییەکانمان، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان مۆنیۆمێنتێکی گەورە و یەکانگیریش نییە کە بڵێین ئەم مۆنۆمێنتە گوزارشت لە ئەنفالی گەلی کورد دەکات، هەر ئەو ململانێیەش وای کردووە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی لێبێت کە دوای چوار ساڵ نەتوانین رووفاتی ئەنفالکراوەکانمان بهێنینەوە".
 
هێمن محەممەد دەشڵێت؛ "لە یاسای مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژە بەوە دراوە کە هەر گۆڕێک هەڵدرایەوە، رووفاتەکەی بدرێتەوە بە کەسوکاری، ئەوە جۆرێک بچووککردنەوەی پرسی جینۆسایدی گەلی کوردستانە و دەبوایە نووسرابا بدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە یاساکەدا بە هیچ جۆرێک باس لە کورد نەکراوە".
 
 
پێویستە لیژنەیەک لە "کەسوکاری ئەنفالکراوان پێکبێت"
 
سەرۆكی رێكخراوی رزگاربووانی ‏ئەنفال باس لەوە دەکات کە، بۆ گەڕانەوەی ئەو 171 رووفاتەی زیاتر لە چوار ساڵە لە بەغدان، پێویستە لیژنەیەک دروستبکرێت لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، "ئەگینا بەو خەمساردییەی وەزارەتی شەهیدان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز پرسی ئەم رووفاتانە یەکلایی نابێتەوە".
 
هێمن محەممەد دەشڵێت؛ "راستە حکومەت لە بەغدا گۆڕاوە، بەڵام هەر هەمان چوارچێوە و بیرکردنەوەی جارانە، بۆیە ئەگەر خۆمان هەوڵ بۆ گەڕانەوەی ئەو رووفاتانە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە نەدەین، بەغدا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەو پێناوەدا نانێت." هاوکات بەشداربوویەکی بەرنامەکە کە چوار منداڵ و هاوژینەکەی ئەنفالکراون گوتی؛ "تاوەکو 10 ساڵی دیکەش دڵنیام ئەم رووفاتانە ناگەڕێنەوە".
 
ئەو بەشداربووە کە تاقانەی ئەنفالە، دەڵێت؛ "ساڵی 2010 کۆمەڵێک رووفاتی منداڵانی ئەنفال گەڕێنرانەوە، شایەتمان هەبوو کە دوو لە منداڵەکانم بە ناوەکانی ئاری و دیاری لەناویانن، ئەوکات قایمقام ناوی تۆمار کردم و بەڵینیدا نموونەی خوێنم لێوەربگرن و بەراوردی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا 13 ساڵی بەسەرچووە و ئەو نموونە خوێنە هەر وەرنەگیرا".
 
 
پێویستە کەیسی ئەنفال "لە خێڵ و حیزب تێپەڕێت"
 
هیوا محەممەد، كوڕی ئەنفالكراوێكە و دەڵێت؛ "پێویستە دۆسیەی ئەنفال لە خێڵ و بنەماڵە و حیزب تێپەڕبێت و وەکو دۆسیەیەکی گەورەی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەبێت سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرۆککۆماری عێراق کە پشکی کوردە، کار لەسەر دۆسیەکانمان بکەن".
 
هیوا محەممەد پێیوایە؛ "وەرگرتنی نموونەی خوێن بۆ ناسینەوەی رووفاتەکان بەو شێوەیە ئاڵۆز نییە کە ماوەی چوار ساڵ رووفاتەکانمان لە بەغدا بمێننەوە، تەنیا پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە".
 
تاوەکو ئێستا لە عێراق 269 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە لەو ژمارەیە تەنیا 24یان کوردی تێدابووە، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت؛ "رووفاتی عەرەبەکان سەرجەمیان لە دادپزیشکی وەرگیراونەتەوە و بەشی هەرە زۆریان لە رێگەی پشکنینی DNAیەوە ناسراونەتەوە، بۆیە ئەوان لەو بابەتەدا کێشەیان نییە، بەڵام ئێستا بەهۆی مانەوەی ئەو 171 رووفاتە لە دادپزیشکی، کارکردن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەش وەستاوە".
 

 

 

.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."