75ـەمین خۆپێشاندانی مامۆستایان لە نۆ ساڵدا لە سلێمانی؛ "تەمەنمان فەوتا"
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی جارێکی دیکە مامۆستایانی ناڕازی چوونەوە سەر شەقام و کارتی سووریان بەرزکردەوە و گوتیان تاوەکو مووچە راستەڕێی مانگانەی دەبێت و وانەبێژان دادەمەزرێن بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان.
ئەو خۆپێشاندانە، 75ـمین خۆپێشاندانی مامۆستایانە کە لە ساڵی 2014ـەوە لە سلێمانی رێکدەخرێت، هەمان داواکاری و دروشمی 9 ساڵی رابردوویان بەرزکردووەتەوە. کارتی سووریان دەرهێناوە و دەڵێن، بایکۆت ناشکێنن
سادق هەڵەدنی، مامۆستای ناڕازییە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوێندن و زانست و زانیاری ئەرزشی لای دەسەڵات نییە، بۆیە وەڵامی داواکارییەکانمان ناداتەوە، لەبەر ئەوە تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە بایکۆت بەردەوام دەبین، ئامانجەکانیشمان ئامانجی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە."
هێدی هێدی خۆپێشاندانەکە فراوانتر بوو، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانییەوە بەشداربوون و بەڕێپێوان لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای شارەکەوە بەرەو باڵەخانەی پارێزگا بەرێپێوان رۆشتن.
بەهۆی ئەم بایکۆتەوە نزیکەی دوو مانگ و نیوە %40ـی قوتابییانی هەرێمی کوردستان کە دەکەونە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەخوێندن بێبەشبوون. رووداو پرسیاری چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی خوێندنی فەوتاو قوتابییانی لە مامۆستایان کرد.
باخان عوسمان کە یەکێکە لە مامۆستای وانەبێژەکان لە پەروەردەی سەیدسادق لەوبارەیەوە گوتی، "ئێمە تەمەنمان فەوتا، خوێندن هەر قەرەبوو دەکرێتەوە، هەشت ساڵە وانەبێژم هیچ داهاتووم روون نییە، ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەماڵەوە بێ کارن، ئەمانە هەمووی تەمەن فەوتانە، بۆیە ساڵێک خوێندن بفەوتێت باشترە، بەڵکو ئەمە دوایین ساڵی فەوتانی ژیانمان بێت."
رێکەوت بەرزنجی، یەکێکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی شارەزوور، باسی لەوە کرد کە ئەوان بەرپرسیارن بەرامبەر رەوشت و پەروەردە و زانستی قوتابییان، "ئێمە خەمخۆری ئایندەی منداڵەکانین نەک دەسەڵات، ئەگەر داواکاریمان جێبەجێبکەن ئامادەین رۆژانی هەینیش بگەڕێینەوە بۆ دەوام بۆ ئەوەی خوێندن نەفەوتێت."
ئارام قەرەداخی، نوێنەرێکی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەی پێنجوێن دەڵێت، "وا خەریکە خوێندنی وەرزی یەکەم تەواوبێت و بفەوتێت، بۆیە ئەم شکستە وەزارەتی پەروەردە لێی بەرپرسە."
عەبدولخالق ماوەتی مامۆستایە گوتی، "قەرەبووکردنەوەی خوێندن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، حکومەت دەبێت قەرەبووی مامۆستایان و فەرمانبەران بکاتەوە ، دواتر قەرەبووی قوتابییانیش بکاتەوە."
جگە لە سلێمانی لە گەرمیان و قەڵادزێ و سەیدسادقیش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. سەرخێڵ محەممەد، مامۆستای وانەبێژە لە گەرمیان، باسی لەوەکرد، "پێویستە حکومەت داواکارییەکانمان جێبەجێبکات، چونکە بەبێ جێبەجێکردنی داواکانمان ناگەرێینەوە هۆڵەکانی خوێندن."
داواکاری سەرەکی مامۆستایان پێکدێت لە چوار خاڵ، پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان، دابەشکردنی مووچە لە 30 رۆژدا، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.