دوو مامۆستای ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو مامۆستای ئایینی لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو مامۆستایە بڕیاری دادوەریان پێ نەبووە، هەوڵی کەسوکاریشیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان ئەنجامی نەبووە.
 
هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان، سەر بە پارێزگای ورمێ، رۆژی 02-12-2023 حەسەن ئەمینی، گوتاربێژی مزگەوتی گوندی مەڵالەر و محیەدین محەممەدزادە، گوتاربێژی گوندی نۆباریان دەستگیر کرد. ئەو دوو مامۆستا ئایینییە خەڵکی گوندەکانی سەر بە شاری سەقزن.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێشتا روون نییە ئەو دوو مامۆستایە بۆچی دەستگیرکراون و هەوڵی کەسوکاریشیان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان، بێ ئەنجام بووە.
 
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەکیان دەستبەسەر کراون، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە بەرامبەر خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز.
 
هەفتەی رابردووش مامۆستا حوسێن عەلیمورادی خەڵکی سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکانی شاری هەمەدانەوە سزای 16 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەو مامۆستا ئایینییە بەهاری ئەمساڵیش سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
مامۆستا حوسێن عەلیمورادی بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی، ئەو حوکمەی بەسەردا سەپێنرا.