پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە دهۆک لەنێو 5,000 کەسدا خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەباتەوە

03-12-2023
حەیدەر دۆسکی
دکتۆر سلێمان خۆبەخشانە تیماری گیانەوەران دەکات.
دکتۆر سلێمان خۆبەخشانە تیماری گیانەوەران دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پزیشکێکی ڤێتەرنەریی لە دهۆک ژیانی خۆی بۆ تیمارکردن و رزگارکردنی گیانەوەران تەرخانکردووە. بەهۆی کارە خۆبەخشییەکەیەوە لەلایەن ناوەندێکی بەریتانییەوە وەکو باشترین پزیشکی خۆبەخشی ڤێتێرنەری خەڵات کراوە. 
 
دیمەنی سەرەتای ڤیدیۆکە، هەڵۆیەکی باڵشکاوە کە دوای ئەوەی لە پێش دەرگای ماڵێک کەوتووەتە خوارەوە، هەڵگیراوەتەوە؛ هەکار سوبحی هەڵۆکەی رزگار کردووە و دەیباتە لای پزیشکی ڤێتێرنەری بۆ ئەوەی تیماری باڵەکانی بکات. ئەو دەڵێت، تەندروستیی هەڵۆیەکە باش نییە و دوو رۆژە هیچی نەخواردووە. 
 
هەکار دەڵێت، "سێ شەو لەمەوبەر ئەم هەڵۆیە لە نزیک ماڵمان کەوتبووە خوارەوە، نزیکەی کاژێر یەک و نیو بۆ دووی شەو بوو. دوای ئەوەی مامم هەڵۆیەکەی بە برینداری هێنایە لام، کاژێر 7:00ی بەیانی بردمە ڤێتێرنەریی دهۆک، بەڵام بەداخەوە هیچ چاودێرێکی لێنەبوو، خۆشبەختانە دکتۆر [سلێمان تەمەر] تیمارکردنی لەئەستۆ گرت." 
 
ئەو پزیشکەی تیماری هەڵۆیەکە دەکات، سلێمان تەمەرە، خۆبەخشانە ئەم کارە دەکات و لەبەر ئەو کارەی بەرامبەر بە گیانەوەران، چ گیانەوەری کێوی یان ماڵی بن، خەڵاتی ئەستێرەی زێڕینی لە ناوەندێکی بەریتانی پێبەخشراوە و وەکو باشترین پزیشکی خۆبەخشی ڤێتێرنەری دیاریکراوە. ئەو توانیویەتی لەنێو پێنج هەزار بەربژێردا سەربکەوێت، لە پرۆسەیەکدا کە 10 هەزار کەس دەنگی داوە و دکتۆر سلێمان سەرووی دوو هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
دکتۆر سلێمان دەڵێت، "هەردوو باڵی هەڵۆیەکە شکابوون، یەکێکیان دەمێک دەبوو شكابوو و تۆزێ خوار ببوو، باڵی راستیشی لەم چەند رۆژانەدا شکاوە، وادیارە گوللەیەکی بەرکەوتووە." لەبارەی خەڵاتەکەشەوە، پزیشکەکە دەڵێت، "ئەوە خەڵاتی ئەستێرەی زێڕینە، ناوەندێکی جیهانیی ڤێتێرنەریی بەم کارە هەڵدەستێت. بەمەستی ئەوان ئەوەیە کە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی بەردەوام کارێکی مەترسیدار دەکەن و هەندێ گیانەوە رزگار دەکەن پێشانی خەڵکییان بدەن."
 
پزیشکەکە رێکخراوی کوردستانی بۆ پاراستنی مافەکانی گیانەوەران هەیە و 32 ساڵە وەکو پزیشکی ڤێتێرنەری کاردەکات و زۆربەی رۆژەکانی بۆ رزگارکردن و تیمارکردنی گیانەوەران تەرخان دەکات. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە