یەکێتیی مامۆستایان: کاتی تاقیکردنەوەکانە و داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەین بایکۆت نەکەن


رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، واژۆ بۆ بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن کۆدەکەنەوە. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت، پشتیوانی وانەبێژانن و داواشیان لێدەکات بایکۆت رانەگەیێنن، چونکە کاتی تاقیکردنەوەیە.
 
لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە جگە لە دوێنێ هەینی، خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ دەستیپێکردووەتەوە. رۆژی شەممە 3-12-2022، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوو رۆژی داهاتوودا لە سنووری گوندەکانی شارباژێر، ئیدارەی راپەڕین و قەزای دووکان بایکۆت رادەگەیێندرێت و خوێندن پەکی دەکەوێت، چونکە زۆرینەی مامۆستایانی دەرەوەی شارەکان وانەبێژن و قوتابخانە هەیە بەڕێوەبەرەکەشی وانەبێژە".
 
کاروخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 550 یاداشتیان داوەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 50 جاریش لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەتەوە. وەکو ئەو دەڵێت: "بێئومێد بووین لە هەموویان و هەستدەکەین دەستی دەستیمان پێدەکرێت".
 
داواکاریی سەرەکیی مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندنە. بەگوتەی کاروخ عەبدوڵڵا، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە 32 هەزار مامۆستایە و گوتیشی: "زۆرینەی مامۆستاکان تەمەنیان سەروو 30 ساڵە؛ داهاتووی هەموومان نادیارە و دەمانەوێت چارەنووسمان دیاری بکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد گەرمیانی، جیگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ داوای مامۆستایانی وانەبێژداین و ئەوەی داوای دەکەن مافی خۆیانە، بەڵام ئێستا نزیکی تاقیکردنەوەکانین و پێمان باشە بایکۆت نەکەن. دۆخی ئێستای مامۆستایانی وانەبێژ لە دوو بۆ سێ ساڵی رابردوو باشترە. هیوادارین تاوەکو ساڵی نوێ ئارامبگرن و بزانن دۆخی دارایی ساڵی 2023 چۆن دەبێت".
 
ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەیەکی لە بەرژەوەندیی وانەبێژان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیریش بۆ چارەسەکردنی کێشەی وانەبێژان لەسەر هێڵە.
 
لە یاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان کە مانگی رابردوو لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار نەکراوە بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ئاماژە بەوەکراوە، لەکاتی دامەزراندن یان گرێبەستکردن بۆ مامۆستایان، مامۆستایانی وانەبێژ لەپێشینە دەبن.