چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: نرخی هێلکە دابەزیوە

03-12-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی کارتۆنێک هێلکە بەراورد هەفتەی رابردوو دابەزیوە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، هەفتەی رابردوو کارتۆنێک هێلکە بە 65 بۆ 66 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە نێوان 60 بۆ 61 هەزار دینارە. 
 
رۆژی شەممە 3-12-2022، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، نرخی کارتۆنێک هێلکە بەراورد بە هەفتەی رابردوو دابەزیوە، ئێستا کارتۆنێک هێلکە بە 60 بۆ 61 هەزار دینارە، بەڵام هەفتەی رابردوو 65 بۆ 66 هەزار دینار بوو. 
 
لە سلێمانی هەشت کارگە هێلکە بەرهەم دەهێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، دابەزینی نرخی هێلکە پەیوەندی بە خواست و زیادكردنی بەرهەمی هێلكەوە هەیە، "بەرهەمی خۆماڵی زۆر زیادیکردووە و ئێستا هێلکەی زیاتر دەخرێتە بازاڕەوە." 
 
سۆران عەبدولغەفوور گوتیشی، رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هێلکە هاوردەبکات، هەمووان ئاگاداریش کراونەتەوە ئەگەر هەر شوێنێک هێلکەی تورکی و ئێرانی بفرۆشێت سزا دەدرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
 
لەبارەی نرخی مریشک و بارودۆخی پەلەوەرخانەکان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، بارودۆخیان "زۆر خراپە" نرخی ئالیک هەر وەک رابردوو بە 600 بۆ 650 دۆلارە و گرانە، نرخی کیلۆیەک مریشکیش لە نێوان 3450 بۆ 3500 دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە