جەبار یاوەر: داعش لە 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 206 کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوە

03-12-2021
ئاسۆ فیشەگی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ جەبار یاوەر
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ جەبار یاوەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چەکدارانی داعش 206 کردەوەی تیرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە 837 کەس شەهید، بریندار و رفێندراون.
 
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ هەینی 3/12/2021 لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی شەوی تۆڕی میدیایی رووداودا راگەیاند، "ئێمە لەم ماوەیەدا لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ لایەنەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەتایبەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان زۆر داکۆکیمان کردووە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی کە ئێستا بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش؛ چەکدارانی داعش لەو ناوچانەدا هێرشدەکەنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چونکە ئەو ناوچانە هیچ هێزێکیان تێدا نییە، وەک ئەوەی لەم چەند رۆژەی دواییدا لە چەند میحوەرێک دەستیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل وەشاند."
 
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە مەخموور و بەهۆیەوە 13 کەس شەهیدبوون کە سێیان کەسی سڤیل بوون و 10یەکەی دیکەشیان پێشمەرگە بوون.
 
جەبار یاوەر گوتیشی: "زۆربەی بۆشاییە ئەمنییەکان زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک و بەرەو ناوچەکانی مەخموور؛ ئەو بۆشاییانە لە نێوان هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی عێراقن، کە نزیکەی 560 کیلۆمەتر درێژە و لە خانەقینەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوچەی سحێلا؛ پانتایی ئەو بۆشاییانەش لە چەند شوێنێک دەگاتە 40 کیلۆمەتر؛ بۆیە دەبێ کارێک بکرێت بۆ لەنێوبردنی مۆڵگەکانی داعش و پاراستنی ئەو ناوچانە بە هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، نەوەک تەنیا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن و دواتر بکشێنەوە، ئینجا داعش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی شەممە لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی فراوان بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی رێکدەخرێت، تەوەری کۆبوونەوەکە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش دەبێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە "بەراورد بە ساڵی 2020، لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، داعش 206 کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە 837 کەس شەهید و بریندار و رفێندراون لەو ناوچانە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 دا بە گشتی 230 کردەی تیرۆریستییان ئەنجامدا، کە بەهۆیانەوە 812 کەس شەهید و بریندار و رفێندران."
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاییدا کە ئەوان وەک وەزارەت هەموو پێداویستییەکانی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دابیندەکەن و گوتیشی، پێشمەرگە پێویستی بە کامێرای هەستەوەر هەیە کە "دەتوانێ لە دوورییەکی زۆرەوە جموجووڵی داعش ببینێت، پێش ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیکببنەوە، چونکە ژمارەی ئەو کامێرانە ئێستا لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەمن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.