کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەستی نییە و بەرگدوورە


رووداو دیجیتاڵ 

سۆزان نموونەی ئەو کچانەیە کۆڵ نادەن. ئەو خاوەن پێداویستیی تایبەت بوونی نەکردووەتە بیانوویەک بۆ سنووردارکردنی تواناکانی، بەڵکو کردوویەتە هۆکارێک بۆ دەرخستنی زیاتری ئیرادەی. دەست و پەنجەکانی کێشەیان هەیە، بەڵام بووەتە بەرگدوور و خەڵک جوانترین قوماشەکانیان بە دەست و پەنجەی ئەو دەسپێرن. 
 
سۆزان لە رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان قسەی کردووە و دەڵێت، سەرەتای کارەکەی بۆ بەشداریکردن لە خولێکی دروومانیدا لە گوندەکەی خۆیان لە بانە دەگەڕێتەوە.  
 
سۆزان تاوەکو تەمەنی 15 ساڵی خوێندوویەتی و دەرچووی پۆلی 9یە. لە گوندەکەیان هەر تاوەکو ئەو ئاستەی خوێندن، قوتابخانە هەبووە، بۆیە ناچار بووە وازبێنێت.
 
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی بانەدا، سۆزان فەلاحی وەکو یەک لە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوە. بە کردەوە و رێنوێنی، هاوکاری ئەوانە دەکات کە کێشەی جەستەییان هەیە.
 
سۆزان بۆ کاروباری ماڵەوەش نامێنێتەوە. هەموو کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێت و هاوکاری دەوروبەرییەکانیشی دەکات.