کۆچبەرێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دوای گەڕانەوەی لە بێلاڕووس چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

 
رووداو - هەولێر

عەباس فازڵ بە هیوای گەیشتن بە خاکی ئەوروپا رۆشت و بێ هیوا گەڕایەوە. ئەو خەڵکی هەولێرە، دەڵێت، لە کرێکاری لە باڵەخانەیەک کەوتووەتە خوارەوە و قاچێکی لەدەستداوە، لە مووچەی کەمئەندامییەکەی نائومێد بووە، هەربۆیە لەگەڵ هاوژینە دووگیانەکەی بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتووە، بەڵام لە بێلاڕووس گیریانخواردووە.
 
عەباس فازڵ، کۆچبەر دەڵێت، "حەوت ساڵ چاوەڕێی مووچەی کەمئەندامیم کرد، هەر پێیان نەدام و هیچ ئیشی دیکەشم نەبوو".
 
ئەو کۆچبەرە لەبارەی دۆخی کۆچبەران و بڕیاری بۆ داهاتووی گوتی، "زیاتر لە 12 کاژێر بە رێگەوە بووین بۆسەر سنووری بێلاڕووس. چوار جار بەربوومەوە و هەستامەوە. ئەگەر دیسانیش دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت دەچمەوە".
 
لە شەشەمین کارواندا 427 کەس گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. کۆچبەرە گەڕاوەکان هەریەکەیان هەڵگری هەگبەیەکن پڕ لە بەسەرهات. یەکێک لە کۆچبەرەکان کوڕێکی تەمەنی 22 ساڵە و زیاتر لە دوو مانگ لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا ماوەتەوە، دەڵێت، "ئێمەیان لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دەرکرد، 65 کیلۆمەتر دەبووایە بە پیادە بڕۆین. جیا لەوەش، هەموو جۆرە ئازارێکیان داین و تەنانەت کارەبایان لە من دا".
 
هەڵگورد ساڵەیی، بەرپرسی پرۆتۆکۆل لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو هەوڵێکمان داوە کە هەر کەس بیەوێت بگەڕێتەوە، ئێمە هاوکاری بکەین، بەشێکیشیان لەنێو دارستانەکانن، هەرچەند خۆشبەختانە زۆر نین، ئەوانەی کە لەنێو دارستانەکان ماونەتەوە".
 
لە 18-11-2021ـەوە تاوەکو ئێستا شەش کاروانی کۆچبەران گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆی 2303 کۆچبەر، 2269 کەسیان کوردن. ئەوانی دیکەش خەڵکی عەرەب و خەڵکی ناوچەکان دیکەی عێراقن.