وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: 100 هەزاری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نابڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی فەرمانبەرن دڵنیادەکەینەوە کە ئەو 100 هەزار دینارەی "بۆ کەمئەندامی" وەریدەگرن نابڕدرێت، بەڵکو وەکو دەرماڵە لەگەڵ مووچەکانیان پێیان دەدرێت، لێبڕینی مووچەش نایانگرێتەوە.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو 12 هەزار و 30 خاوەن پێداویستییە تایبەتەی فەرمانبەرن و مانگانەش بڕی 100 هەزار دیناری کەمئەندامی وەردەگرن، حکومەت بەنیازە 100 هەزار دینارەکەیان وەکو دەرماڵە بۆ بخاتە سەر مووچەکانیان و لێبڕینی مووچەش نایانگرێتەوە؛ ئەوەش لەسەر داواکاریی کەمئەندامان خۆیان کراوە. لیژنەی چاکسازی دەستبەکارە و ئەو خاوەنپێداویستییە تایبەتانەی فەرمانبەرن، دوو بایۆمەترییان هەیە".
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوە کرد "خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی، کە فەرمانبەرن، کاتێک خانەنشین بوون بڕی مووچەی خانەنشینییان چەند بێت لەگەڵ ئەوە 100 هەزار دینارەکەی دەرماڵەشیان بۆ دەخرێتە سەر کۆی مووچەی خانەنشینییەکەیان و وەریدەگرن".
 
ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد "لەسەر داواکاریی وەزارەتی کار، حکومەت رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر کردنەوەی سەنتەرێکی پزیشکی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە سەرجەم شارەکان دەکرێتەوە، تایبەت دەبێت بە پشکنینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەڵام ئەگەر ئێستا نەکراوە، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەوەیە کە هەیە".
 
لە هەرێمی کوردستان 88 هەزار و 494 کەس مووچەی کەمئەندامی [خاوەن پێداویستیی تایبەت] وەردەگرن، لەو ژمارەیە 76 هەزار و 464 کەس هیچ مووچەیەکیان نییە و بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، 12 هەزار و 30 کەسیان فەرمانبەرن و مانگانە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن، حکومەت بەنیازە ئەو پارەیەی وەکو مووچە وەریدەگرن بیبڕێت و بەشێوەی دەرماڵەیەک پێیان بدرێت.