بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین کرایەوە


رووداو - هەولێر 

 

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، بەشی خوێندنی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر کرایەوە. وەزیری خوێندنی باڵاش هیوادەخوازێت کردنەوەی ئەو بەشە ببێتەهۆی زیاتر پتەوکردنی پەیوەنییەکانی نێوان کوردستان و چین. 
 
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە گوتاری کردنەوەی بەشەکەدا رایگەیاند کردنەوەی ئەو بەشە "دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ خوێندکاران و خوازیارانی زمانی چینی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەربگرن". 
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین دا هەیە و هیوادارن ئەو پەیوەندییانە تەنها لەبواری ئابووری و بازرگانیدا نەبن و بتوانین لەبواری خوێندنی باڵاشدا پەیوەندییەکی تووندوتۆڵتر دروستبکەین. 
 
هەر لە گوتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند "ئامادەین پێشوازی لەو خوێندکارانەی کۆماری میلـلی چین بکەین کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بخوێنن یان بۆ توێژینەوە و وەرگرتنی کۆرسی کورتخایەن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن".