کۆمەڵەی چێشتخانەکان: 50٪ـی خواردنی چێشتخانەکان بەفیڕۆ دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر، نیوەی ئەو خواردنانەی دەیخەنە سەر مێز، دەبێتە بەرماوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، بەرماوەی چوار هاونیشتمانییە لە خواردنگەیەکی هەولێر، کەمێکی خواردنەکە نەبێت، ئەوی دیکە دەستی لێنەدراوە.
بۆ ئەوەی زیان لە نیوە بگەڕێتەوە، هەندێک لە چێشتخانەکان هەوڵ دەدەن سوود لە پاشماوەکان وەربگیرێت.
دەریا ئۆباو، خاوەنی رێستۆرانتە لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "ئەو خواردنەی کە دەمێنێتەوە لای ئێمە فڕێنادرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی کەوچکی لێدراوە ناتوانین بۆ خەڵکانی هەژار دایبنێن و بیبەخشین، بەڵکو لەجێی ئەوە دەیکەینە حاوێیەکی تایبەتەوە و پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ چەند کەسێک کە ئەوان شوانکارن و دێن بۆ مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانیان دەیبەن، هەروەها نان و پەلکە نانەکان دەدەین بە چەند کەسێک کە ئەوانیش دەیبەن بۆ ئاژەڵەکانیان، هەروەها دەبەی ئاوی پلاستیکی و شووشەش دەدەینە کارگەکانی ریسایکلین".
لە هەولێر 430 چێشتخانەی گەشتیاری و نزیکەی 750 چێشتخانەی میللی هەن، نەریتی چێشتخانەکانیش وایە دەیانەوێت بەو خواردنە زۆرەی دایدەنێن میوانەکان رازی بکەن.
شوکور عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێرە و بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 50٪ـی ئەو خۆراک و خواردنانەی لە خواردنگەکان پێشکەش دەکرێن، بەهەدەر دەچێت. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر موقەبیلات و خواردن دادەنێن بۆ میوانەکان".
دەستەی پاراستنی ژینگە دەڵێت، 35٪ـی زبڵ و خاشاکی فڕێدراو پاشماوەی خۆراکییە، هەر هاونشتیمانییەک لە کوردستان نزیکەی یەک کیلۆ و نیو رۆژانە پاشماوەی هەیە، لەکاتێکدا دەبێت لە یەک کیلۆ کەمتر بێت، جگە لەوەی زۆربەی ریسایکیلن ناکرێتەوە.
رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە بە رووداوی گوت: "زیانی فڕێدانی ئەو خۆراکانە لە زبڵدانەکان ئەوەیە کە دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و بڵاوبوونەوەی بەکتریای و ڤایرۆس لەسەر زبڵاخانەکان کە هەمووی هۆکارەکەی فرێدانی پاشماوە خۆراکییەکانە".
لە هەرێمی کوردستان یەک کارگەی ریسایکلین لە سلێمانی و سێ کارگەی جیاکردنەوەی مادەکان لە دهۆک و ئاکرێ و ئامێدی هەن، بە هەر چوار کارگەکە دەتوانن 1450 تۆن پاشماوە ریسایکلین بکەن و ئەوەی دیکە دەسوتێنرێت یان دەخرێتە ژێر خاکەوە.