لە ئەردەخانی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت. پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
کاژێر 07:10 خولەکی ئەمڕۆ 3ـی تشرینی دووەمی 2024، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ئەردەخان باری. لە پاڵ بەفر بارینەکە، با و بۆران هەڵیکرد و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پلەی گەرما بە کاتی رۆژ لە پارێزگای ئەردەخان 6 پلەی سلیزییە و بە کاتی شەو بۆ 1 پلەی سیلیزی دادەبەزێت. خێرایی با لەم پارێزگایە 80-90 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
لە کاتی شەودا بەهۆی بەفربارینەکەوە سەرماوسۆڵە رووی لە پارێزگاکە کرد و بەهۆی سەرماکەوە گژوگیا و درەختەکانی ناوچەکە زوقمیان گرت.
بەردەوامی بەفربارینەکە بووە هۆی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان بەگشتیی و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی دروست بکات. بەشێک لە بارهەڵگرەکان کە باریان قورس بوو، لە ترسی خلیسکان و وەرگەڕان، بارهەڵگرەکانیان لە لێواری شەقامی گشتیدا راگرت. چەند بارهەڵگرێکیش گیریان خوارد.
لە رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2024دا یەکەم بەفری ساڵ لە بەرزاییەکانی چیای ئەرەک لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان باری.