بوومەلەرزەیەک باکوور و باشووری کوردستانی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە باکوور و باشووری کوردستان روویدا. بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دهۆک دەڵێت: "بەشێک لە هاونیشتمانییان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە".
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 21:15 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2024، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی گەڤەر سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان و شارەدێی شێخان لە باشووری کوردستان روویدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە سەرچاوەکەی شارۆچکەی گەڤەری باکووری کوردستان بووە و بە قووڵایی 13.17 کم و بوومەلەرزەکەی شێخانیش بە قووڵایی 55.82 کم تۆمارکرا.
 
هاوکات بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە سنووری پارێزگای دهۆکی هەژاندووە، زیانی گیانیی نەبووە.
 
ئومێد مەعسووم گوتی: "چەقی بوومەلەرزەکە کۆمەڵگەی مەهەتێ بووە لە سنووری قەزای شێخان و بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنوورەکە هەستیان پێکردووە".

 

ئامادەکردن:
هێمن عەساف
حەیدەر دۆسکی