مونا قەهوەچی بە کورسییەک داوای دوو وەزیر یان سەرۆکی پەرلەمان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوو وەزیر لە کابینەی دەیەم، پۆستێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک، جێگر یان سکرتێری پەرلەمان مەرجی تاکە کورسییەکەی مونا قەهوەچیە بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەم.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت: "ئێمە بە یەک کورسی مامەڵە ناکەین و وەک نەتەوە مامەڵە دەکەین بۆیە وەک نەتەوە داوادەکەین لە ناو سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکێک لە سێ سەرۆکایەتیەکە و لە کابیتنەی حکومەت دوو وەزیرو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیس یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان."
ئەو پیاوەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو کورسیی کریستیانەکانی لە بازنەی هەولێر مسۆگەر کرد، داواکارییەکانی زۆر زیاترن لە تورکمان.
رامی نووری، بەربژێری دەرچووی کریستیانە لە بازنەی هەولێر و دەڵێت: "ئەگەر بە خواستی ئێمە بێت بە 10 وەزیریش رازی نابین، بەڵام شتێکی گرنگتر لە خواستی ئێمە دا هەیە. پارێزگاری کردنە لە نشتیمان، پارێزگاری کردنە لە نشتیمانێکی بەهێز و هەر لایەنێکیش ئەو بڕیارەی دا دەبێت بریکیش لە خواستی خۆی کەم بکاتەوە بەڵام نەک زۆر."
رووداو زانیویوتی، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم پێکدێنێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکان و ژمارەیەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەندامی لیژنەکە دەبن.
بەپێی سەرچاوەیەکیش لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەم دوو رۆژە دا مەکتەبی سیاسییان کۆدەبێتەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات، یەکێتی لە کابینەی نوێدا چی دەوێت و مەرجە روونەکانیان چی دەبن.
ئەگەر کاریگەری بە سەر هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کورستانیش نەبێت، حیزب هەیە بێ راوێژکردن لەگەڵ ئێران هەنگاو نانی ئەستەمە.
بۆ ئەمجارەش وڵاتە ئیسلامیەکەی دراوسێ لە رێگەی کۆنسووڵخانەی هەولێرەوە دەستی بە جووڵە کردووە.
نەسروڵڵا رەشنودی، سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە پاڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی رۆڵی خۆی گێڕاوە. لە هەر شوێنێک پێویست بووبێت رۆڵی هەبووە. بۆ ئێمە سەقامگیری و چارەسەربوونی کێشەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە، بە ئیرادەیەک کە لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەیبینین پشت بەخوا دەتوانن بە ئاسانی کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکەن و کۆسپەکان هەڵبگرن و بگە لێک تێگەیشتنێکی باش."
دەرگەی کۆمسیۆن بەڕووی تانەدان لە هەڵبژاردن داخرا، چوار لایەنی سیاسی و سێ بەربژێری سەربەخۆ تانەیان لە هەڵبژاردن داوە. کۆمیسیۆن لە ماوەی دە رۆژدا تاوتوێی تانەکان دەکات و یەکلاییان دەکاتەوە.