سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە راپەڕین لە "نادادی" لیستی بەگرێبەستکردن ناڕازین

03-11-2024
عەدنان رەشید
زانکۆی راپەڕین. وێنە: رووداو
زانکۆی راپەڕین. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە راپەڕین ناڕازین لەو لیستەی بە گرێبەستکردن لە زانکۆ کە بۆ وەزارەت نێردراوە و دەڵێن "ناو هەیە یەک رۆژ دەوامی زانکۆی نەکردووە" و کراوەتە وانەبێژ و ناوی بۆ گرێبەست نێردراوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا لە رێگەی لیژنەیەکەوە وردبینی لە لیستەکە دەکات.
 
زانکۆی راپەڕین لیستی ناوی 395 وانەبێژی بەمەبەستی بە گرێبەستکردن رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە. بەشێکی سێ یەکەمەکانی زانکۆ بەهۆی دەنگۆی هەبوونی "گەندەڵی" لە لیستەکە، لەبەردەم زانکۆ گردبوونەوە.
 
بەهزاد عومەر، یەکێک لە سێ یەکەمەکانی زانکۆیە و دانەمەزراوە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "ئەوەی لە زانکۆی راپەڕین کراوە ستەمێکە دەکرێ لە ئێمە و ئەوانەی دانەمەزراون؛ چونکە سێ یەکەمەکان لەپێشترن لەهەموو کەس لە زانکۆکان دابمەزرێن، هەندێ کەس وانەبێژ نین کراونەتە وانەبێژ و ناویان بۆ گرێبەست خراوەتە نێو لیستەکە کە لە خزم و کەسوکاری سەرۆکایەتیی زانکۆن."
 
 
سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی لیستی ناوی گرێبەست، "بە مەبەست و مەرامی سیاسی" ناودەبات.
 
سەرۆکایەتیی زانکۆکە، لە راگەیێندراوێکدا لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک، رایگەیاندووە: " لیستەکان پاکتاو دەکرێن لەلایەن لیژنەیەکەوە و هیچ کەسێکی ناشایستە نابێت لە لیستەکەدا هەبێت و مافی هیچ کەسێکی شایستەش نافەوتێت."
 
نوێنەری سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سنووری راپەڕین، هۆکاری "نادادی" لە لیستەکە بۆ هەبوونی "دەسەلات، خزم و کەس و دەستڕۆیشتوو" دەگەڕێنێتەوە. رەوەز ئەحمەد، لە بەرپرسیار، گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ وانەبێژانی زانکۆ هەیە و دەڵێن، هەندێ کەس ناویان لە لیستەکە هەیە کە هەرگیز زانکۆیان نەبینیوە، ئێمە بە بەڵگەوە قسە دەکەین، ئەوانەی وانەبێژن و فەرمانیان هەیە پیرۆزیان بێت، کێشەمان تەنیا لەو گەندەڵییە هەیە کە کراوە. ئەمە لە زانکۆکانی دیکەش کراوە، بەڵام راپەڕین زەقکراوە."
 
 
پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین، رووماڵی گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی سێ یەکەمەکانی زانکۆی کرد لەبەردەم زانکۆی راپەڕین. بێریڤان ئەحمەد، یەکێک لە سێ یەکەمی زانکۆیە و دانەمەزراوە، بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت: "هەیە یەک رۆژ وانەبێژ نەبووە، کراوەتە گرێبەست، ئەوکات هەموو زانکۆکان پڕدەبن و پێویستیان بە دامەزراندنی ئێمە نابێت."
 
بەسۆز عومەر، سێ یەکەمێکی دیکەی زانکۆیە و لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "کێشەمان لەگەڵ وانەبێژی رەسمی نییە، ئێمە دژی ئەوانەین بەدەقەیەک وانەبێژ نەبوون لەزانکۆی راپەڕین و بوونە گرێبەست."
 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی زانکۆی راپەڕین هاتووە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە؛ هەفتەی داهاتوو، ڕێکارەکانی دەستبەکاربوون و پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ وانەبێژانی وردبینیکراو ئەنجام دەدرێت، كە "فەرمانی زانكۆییان هەیە و وانەبێژی حەقیقی بوون لەزانکۆ" لەماوەی نێوان ساڵانی (2014 – 2024).
 
جگە لەنیگەرانی سێ یەکەمەکان بەشێک لە مامۆستا و راگڕی بەشەکانیش ناڕازین لەو لیستەی لەزانکۆ وە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا نێردراوە، لەنوێترین پێشهاتیشدا یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆکە دەستی لەکارکێشایەوە.
 
زانیار زیاد، بڕیاردەری بەشی زمانی کوردی لەزانکۆی راپەڕین، بە رووداوی گوت: " زانکۆی راپەڕین، زانکۆی خەڵکی پشدەر و بیتوێنە، بەرزترین ناوەندی زانستی سنورەکەیە، بۆیە پێویستە چیتر شکۆی زانکۆ نەشکێنرێ، بەداخەوە هەموو چەند مانگ جارێک ناو و ناتۆرە لەسەر زانکۆی راپەڕین بڵاو دەبێتەوە."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە رێگەی لیژنەیەکەوە وردبینی بۆ لیستی ناوی هاتوو بۆ وەزارەتەکەیان دەکات.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە رووداوی گوت: "بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم وانەبێژانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەکرێنە گرێبەست لەسەر داهاتی وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچووە و دوای تەواوکردنی بایۆمەتری، دەتوانن لەلایەن زانکۆکانیانەوە گرێبەستیان بۆ بکرێت و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجبکرێت."
 
 
نزیکەی 4 هەزار وانەبێژ لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێنە گرێبەست. د. توانا نەجەف، گوتی: "لە هەموو زانکۆکان دەکرێ ناوێک بەهەڵە هاتبێت، بە فەرمانی وەزیر و سەرپەرشتی براتان، لیژنەیەک پێکهاتووە، وردبینی سەرەتاکانیان دەکەین لە زانکۆی زاخۆوە دەستمانپێکردووە و تاوەکو زانکۆی گەرمیان دەڕۆین و وردبینی ناوەکان دەکەین، هەر ناوێک سەرەتاکانی نەیسەلمێنێ وانەبێژ نەبووبێ، ئێمە گرێبەستی لەگەڵ ناکەین. هەر کەسێک لە هەر زانکۆیەک وانەبێژ نەبێت، گرێبەستی لەگەڵ ناکرێت و شایستەی دارایی بۆ خەرج ناکرێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە