لەگەڵ رەنج؛ 21 ساڵە بەعس نەماوە، كەچی بڕیارەكانی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان كاران
رووداو دیجیتاڵ
لە كۆتایی بەرنامەكە دا پیاوێكی بەساڵاچوو مایكی بەرنامەی وەرگرت و بە دەنگێكی نوساو دوا و گوتی: "من لە گوندی قوتانم چوار هەزار دۆنممان هەیە تاوەكو ئێستا لە گوندەكەم ماوم زۆر بێزاریان كردووم. ئەیانەوێ گوندەكەم چۆڵ بكەم بەڵام من ئەوە ناكەم. ئێمە زۆر مەزڵوومین، كوردێكی مەزڵوومین زۆر مەزڵوومین زۆر زۆر، بەڵام گوندەكەمان هەر چۆڵ ناكەین بەرگری دەكەین".
دوای ئەو قسانە ئامادەبووان چەپڵەیان بۆ هەڵوێستەكەیان لێدا. لەم بەرنامەیەدا باس لە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش كرا كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. پەرلەمانتارێكی كوردی ئامادەبووی بەرنامەكە گەشبینە بە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە، بەڵام میوانێكی عەرەبی بەرنامەكە دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەیە. بۆچوونی وایە ئاشووبی لەدوایە. لەوبارەیەشەوە گفتوگۆیەكی تووند لەنێوانیاندا دروست دەبێت.
"زەوییەكان لە سەردەمی عومەری كوڕی خەتابەوە موڵكی دەوڵەت بوون"
د. نازم شەمەری، سەرۆکی دەستەی بۆچوونی عەرەبی تەواو دژی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسە و لەو پێناوەشدا گفتوگۆی زۆری كرد، هەرچەندە لە دەستپێكی قسەكانی دا جەختی لەوە كردەوە سەرجەم هاووڵاتییانی كەركووك پێویستیان بەوە هەیە پێكەوە كۆببنەوە گفتوگۆی ئەو پرسە بكەن، گوتیشی: "ئەو كێشانەی روویانداوە بەدەستی ئێمە نەبووە، بەڵكو بە دەستی سیاسەتڤانانی پێشوو بووە".
شەممەری جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرجەم زەوییەكان لە عێراق هەر لە سەردەمی عومەری كوڕی خەتابەوە موڵكی دەوڵەت بوون. ئەو گوتی: "جووتیاران بۆ سەدان ساڵ كشتوكاڵییان لەم زەوییانەدا كردووە و نیوەی داهاتەكانیان بۆ دەوڵەت بووە".
شەممەری ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە سەردەمی عوسمانیدا دەستكرا بە دابەشكردنی بەشێكی زۆری ئەو زەوییانە بەسەر كەسانی دەستڕۆیشتووی ئەو سەردەمە هۆكارەكەشی هەروەك ئەو دەڵێت: "بۆیە زەوی درایە دەسەڵاتداران تاوەكو لەژێر فەرمانی دەوڵەتی عوسمانی دەرنەچن". هەر بەپێی قسەی د. نازم شەممەری لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم زەوییەكان كرایەوە موڵكی دەوڵەت.
'زەوییەكان موڵكی دەوڵەتن نەك كەسی'
شەممەری ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو نەهاتووە بۆ بەرنامەكە تاوەكو تەنیا بەرگریی لە لایەنێك بكات بەڵكو وەك ئەو باسی دەكات ئەو كێشەیە زۆر گەورەیە و كێشەی جووتیارێك و دووان و دەیان و سەتانیش نییە و دەشڵێت: "هاوسۆزم لەگەڵ گەلی كوردی رەسەن كە 100 ساڵە قوربانی دەدات، گەلی كورد، پێشتر و ئێستاش ستەمی لێكراوە من بۆیە لێرەم بۆ ئەوەی بەرگریی لە هەمووان بكەم، هەموومان عێراقین و ئەرك و مافمان هەیە ئەوەی كراوە دەوڵەتی رابردوو كردویەتی كە دەوڵەتێكی دیموكراسیی نەبوو".
بەكارهێنانی دەستەواژەی داگیركردن، لەنێوان هاووڵاتییانی یەك وڵاتدا بەبڕوا نازم شەممەری هەڵەیەكی گەورەیە. ئەو دەڵێت: "بەشێك لە زەوییەكانی عەرەب دەوڵەت دەستی بەسەرداگرت". د. نازم شەممەری جەخت لەوە دەكاتەوە كە شتێك نییە بەناوی موڵكی كەسی: "ئەوان خاوەنی گرێبەستن، كە دەوڵەت لایەنی یەكەم و جوتیاریش لایەنی دووەمە ئەو زەویانەی هەشە هەمووی هی دەوڵەتە".
'فرسانێكی كورد 50 دینار و سەربازێكی عەرەبیش 22 دیناری هەبوو'
د. نازم شەمەری باس لەوەش دەكات، حكومەتی پێشووی عێراق تەنیا بۆ كورد خراپ نەبووە، بەڵكو بۆ عەرەبیش زیانی هەبووە "بۆ نموونە حكومەتی عێراق سەربازی بەسەر عەرەبدا ئەسەپاند، بەڵام بۆ كورد وانەبوو، كاتی خۆی سەربازێك 22 دیناری هەبوو، بەڵام فرسانێك 50 دیناری هەبوو، ئێستا دۆخەكە زۆر گۆڕاوە دەوڵەت بووەتە دیموكراسی".
سەبارەت بەو گفتوگۆیانەش كە لە پەرلەمان دەكرێن لەبارەی پڕۆژە یاسای تایبەت بە كورد یان هی شیعە یاخود هی سوننە ئەو دەڵێت: "ئێمە لە وڵاتێكی دیموكراسین. شوورەییە بڵێن ئەم پڕۆژە یاسایە هی شیعە یان سوننە یاخود هی كوردە".
لەبارەی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتیش كە بە پڕۆژە یاسای سوننەكان ناسراوە، د. نازم شەممەری ئەوەی خستەڕوو كە پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی پڕۆژەكی مرۆییە و تەنیا سوننە لێی سوودمەند نابێت ئەو گوتیشی: "بۆیە لێبوردنی گشتی پێویستە، چونكە كۆمەڵێك بەزۆرداری رووبەڕووی سزابوونەتەوە".
هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس 'پەلەی لێكراوە'
سەبارەت بە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعس، د. نازم شەممەری بۆچوونی وایە زۆر پەلە لەو پڕۆژە یاسایە كراوە و گوتی: "بابەتەكە زۆر ئاڵۆزە و نابێت پەلە لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكان بكرێت، چونكە خەڵكی تووشی ئاشووب دەكات".
شەممەری جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئەوانەی ئێستا زەویی جووتیارانی كوردیان لایە، قەرەبوو بكرێنەوە. لەبارەی خودی خۆشی ئەوەی رەتكردەوە كە داوای قەرەبووی كردبێت. ئەو گوتیشی: "من گوتەبێژی جووتیارانی عەرەب نیم و لێرە بۆچوونی خۆم دەڵێم، بەبڕوای من قەرەبووكردنەوە یەكێكە لە رێگا چارەسەرەكان".
د. نازم شەممەری زۆر لەلای گرنگە بڕی پارەی قەرەبووكردنەوەكە لە پڕۆژە یاساكەدا دیاری بكرێت: "دەبێت ئەوە روون بێت چەند پارە وەردەگرنەوە لە قەرەبووكردنەوەكەدا بۆیە پێویستە لە پڕۆژە یاساكە روونكردنەوەی زیاتر هەبێت".
'بەمەرجی تێپەڕانی یاساكە بەشداری حكومەتەكەی سوودانی بوون'
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری كورد لە عێراق ئەو رووندەكاتەوە چەندین ساڵە كار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەكرێت. سەرەتاكانی پڕۆژە یاسایەكەش بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە. ئەو گوتی: "ئامانجی پڕۆژە یاساكە گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكانە بۆ خاوەنەكانیان".
دیلان غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەرچەندە پڕۆژەكە هی فراكسیۆنی یەكێتییە، بەڵام سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان پشتیوانیان كردووە: "كە بەشداری حكومەتی سوودانیمان كرد مەرجمان تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە بوو".
ئەوەی بۆ دیلان غەفوور جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەكەیان داوە ئەو گوتیشی: "پڕۆژە یاساكە خوێنەوەی یەكەم و دوومی بۆ كراوە و ئێستا لە قۆناخی دەنگداندایە".
دیلان غەفوور ئەوە ناشارێتەوە كە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش زۆرن، بەڵام لەم قۆناخەدا كار لەسەر هەشتیان كراوە.
ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو پێكهاتەی سوننە دەیانەوێ چۆنێتیی قەرەبووكردنەوەكە بزانن: "ئەم پڕۆژە یاسایە ئەوەندەی بەرگێكی سیاسی بەبەرداكراوە ئەوەندە گەڕانەوەی مافێك نەبووە بۆ خاوەن ماف، خۆشبەختانە پێكهاتەی سوننە گەیشتوون بەوەی ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف، بەڵام قسەیان لەسەر چۆنێتیی قەرەبووكردنەوەیەكەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساكە داوە، ئامادەشە قەرەبوویان بكاتەوە جا بەپارە یان پارچەیەك زەوی".
بە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە 300 هەزار دۆنم دەگەڕێتەوە
هەر بەپێی قسەی پەرلەمانتارە كوردەكەی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەشت بڕیارەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش 300 هەزار دۆنم زەوی بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێتەوە. دیلان غەفوور ئاماژە بەوەش دەكات داوایان كردووە لەم هەفتەیە دا پڕۆژە یاساكە بخرێتەوە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.
ئەو گوتی: "ئەگەر لەم قۆناخەدا ئەم هەشت بڕیارە هەڵوەشێتەوە، لە داهاتوو دا بڕیارەكانی دیكەش هەڵدەوەشێنەوە".
سەبارەت بە بۆچوونی شیعە و سوننە لەبارەی پڕۆژە یاساكە، پەرلەمانتارە كوردەكەی عێراق گوتی: "شیعە لەگەڵ پڕۆژە یاساكەیە، بەڵام سوننە بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵی نییە".
دیلان غەفوور باس لە هەڵوێستێكی جوانی هادی عامری، سەركردەی شیعە دەكات، كاتێك لەگەڵ كۆمەڵێك پەرلەمانتاری عێراق لە ماڵیان میوان بووە؛ گوتی: "هادی عامری بە شیعەكانی گوت، ئەوە مافە و دەبێت ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەش ناشارێتەوە كە لەكاتی دەنگدانیان بە سەرۆكی پەرلەمان (مەحموود مەشهەدانی) تێپەڕاندنی یاساكەیان كردووەتە مەرج "بۆیە گەشبینم بەوەی پڕۆژە یاساكە لەم وەرزە دا تێپەڕی. لەوەش دڵنیام پڕۆژە یاسای هەموواری باری كەسێتی كە هی شیعەكانە 100٪ تێدەپەڕێ".
'لەدوای 40 ساڵ داگیركاری پێمان دەڵێن پەلە مەكە'
دیلان غەفوور بەوەش تووڕە دەبێت كە بەشێك لە سوننەكان هاوشێوەی نازم شەممەری پێیان دەڵێن پەلەتان لە پڕۆژە یاساكە كردووە. گوتی: "لە دوای 40 ساڵ لە داگیركاری زەویەكانی كورد لە كەركووك هێشتا پێمان دەڵێن پەلە مەكەن".
پەرلەمانتارە كوردەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ ئەم قۆناخە توانیویانە كار لەسەر هەشت بڕیار بكەن، بۆ داهاتوو كار لەسەر ئەوانی دیكەش دەكەن. ئەو گوتی: "ئێستا دەتوانین كار لەسەر هەر هەشت بڕیار بكەین ئەوەندەی ئاگادارین وەزارەتی داد كار لەسەر 900 هەزار دۆنمی دیكەش دەكات."
دیلان غەفوور هێما بەوەش دەكات لەم كابینەیە دا كار لەسەر مادەی 140 كراوە و گوتی: "100 ملیار دینار بۆ هەر ساڵێكی مادەی 140 دانراوە".
بۆچوونی ئایین لەسەر ئەوانەی زەوی داگیر دەكەن
شێخ نەجات تاڵەبانی، نوێنەری جوتیارانی داقووق وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باس لەوە دەكات لەسەر داگیركردنی زەوی خەڵكی چەندین فەرموودە لە ئایینی ئیسلامدا هەیە؛ ئەو دەڵێت: "فەرموودە لەسەر ئەوە هەیە هەر كەسێك بستێك زەوی داگیر بكات، خوا حەوت تەبەق بەناخی زەویدا دەیباتە خوارەوە".
ئەو رەخنە لە نازم شەممەریش دەگرێت بەوەی دكتۆرای لە مێژووی ئیسلامدا هەیە و ماوەیەكیش لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان پێشنوێژ و گوتاربێژ بووە، بەڵام خۆی عەرەبێكی داگیركەرە. ئەو دەشڵێت: "شێخ مەزهەر عاسی هەیە پیاوێكی زۆر ئیماندارە. كاتی خۆی ئامادە نەبوو زەویی كورد داگیر بكات. تاوەكو وەسێتیشی كردبوو كە كۆچی دواییكرد لە خاكی داگیركراو دا نەینێژن". شێخ نەجات تاڵەبانی ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە1971 بەعس یاسای چاكسازی كشتوكاڵی دەركردوە ئەو كاتە ئەو یاسایە زۆر باش بووە "لەو كاتەدا زەوی بە یەكسانی بەسەر كوردو عەرەب و توركمان دابەش كرا، بەڵام بەدانخەوە لە1973 وە دەستكرا بە داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد".
دەبوو كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر 13 بڕەكە بكرایە نەك هەشت
ساتع ناسیح، كە وەك نوێنەری جووتیارانی كەركووك لە بەرنامەكەدا ئامادەبوو لە دەستپێكی قسەكانی باسی لەوە كرد لەلای سەیرە هەندێك دەڵێن كەو ئەو زەویانە هی دەوڵەتە. ئەو رەخنە لە كاری پەرلەمانتارانی كوردیش دەگرێت بەوەی دەبوو كاریان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر 13 بڕیارەكەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوەی بەعس بكردایە نەك بە تەنیا هەشت بڕیار. گوتی: "ناكرێت كار لەسەر هەشت بڕیار بكرێت و پێنج بڕیاریش فەرامۆش بكرێت".
ساتع ناسیح ئەوەش رووندەكاتەوە بەپاساوی ئەوەی شوێنی نەوت و سەربازییە لە كەركووك زەوییەكانیان لە ئەوان وەرگیراوەتەوە و دواتر داویانەتە جووتیارانی عەرەب: "ئەوانەی زەوییان داگیركردبووین لە 2003 دا خۆیان بەجێیان هێشت، بەڵام 2017 گەڕانەوە بە پاڵپشتی راكان جبووری زەویەكانیان داگیركردینەوە".
داگیركردنی 900 هەزار دۆنم زەوی بە بڕیاری لیژنەی كاروباری باكووری بەعس یەكێكی دیكەیە لەو زوڵمانەی لە جووتیارانی كوردی ئەو ناوچانە كراوە لەو بارەیەوە نوێنەرەكەی جووتیارانی كورد گوتی: "لە 2012 بڕیار لەسەر گەڕانەوەی ئەو 900 هەزار دۆنمە دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە".
ئەو جووتیارە كوردە باس لەوەش دەكات حكومەتەكەی سوودانی تەنیا 10 مانگی ماوە، بەڵام مادەی 140 هەر جێبەجێ نەبوو لەكاتێكی مەرجێكی بەشداری كورد لەو حكومەتە جێبەجێ كردنی ماددەی 140 بووە.
دەبێت وەزارەتی داد بڕیاری گەڕانەوەی 900 هەزارەكە جێبەجێ بكات
شكار مەردان، كە وەك پارێزەری جوتیاران كورد و توركمان لە كەركووك لەبەرنامەكەدا بەشداربوو لە دەستپێكی قسەكانی دژی گوتەكانی نازم شەممەری قسەی كرد و گوتی: "داگیركردنی زەوی پەیوەندی بە ئیسلام و عومەری كوڕی خەتابەوە نییە، بەعس ئەو كارەی كردوە".
ئەو پارێزەرە كوردە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە پەرلەمان كار لەسەر چالاككردنەوەی مادەی 140 بكات.
سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 29 كە كار لەسەر گەڕانەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی جووتیاران دەكات پارێزەر كوردەكە جەختی لەوە كردووە كاركردن لەسەر ئەو بڕیارە ئیشی وەزارەتی داد و ئەبێت ئەوان جێبەجێ بكەن.