لەگەڵ رەنج؛ 21 ساڵە بەعس نەماوە، كەچی بڕیارەكانی لە ناوچە ‏‏كێشەلەسەرەكان كاران

03-11-2024
ئاسۆ سەراوی
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە كۆتایی بەرنامەكە دا پیاوێكی بەساڵاچوو مایكی بەرنامەی وەرگرت و بە ‏دەنگێكی نوساو دوا و گوتی: "من لە گوندی قوتانم چوار هەزار دۆنممان هەیە ‏تاوەكو ئێستا لە گوندەكەم ماوم زۆر بێزاریان كردووم. ئەیانەوێ‌ گوندەكەم ‏چۆڵ بكەم بەڵام من ئەوە ناكەم. ئێمە زۆر مەزڵوومین، كوردێكی مەزڵوومین زۆر ‏مەزڵوومین زۆر زۆر، بەڵام گوندەكەمان هەر چۆڵ ناكەین بەرگری دەكەین". ‏
 
دوای ئەو قسانە ئامادەبووان چەپڵەیان بۆ هەڵوێستەكەیان لێدا. لەم ‏بەرنامەیەدا باس لە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ‏باڵای شۆڕش كرا كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. ‏پەرلەمانتارێكی كوردی ئامادەبووی بەرنامەكە گەشبینە بە تێپەڕاندنی ئەو ‏پڕۆژە یاسایە، بەڵام میوانێكی عەرەبی بەرنامەكە دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ‏یاسایەیە. بۆچوونی وایە ئاشووبی لەدوایە. لەوبارەیەشەوە گفتوگۆیەكی تووند ‏لەنێوانیاندا دروست دەبێت.‏

 

 

 
 
‏"زەوییەكان لە سەردەمی ‏عومەری ‏كوڕی خەتابەوە موڵكی دەوڵەت بوون"

د. نازم شەمەری، سەرۆکی دەستەی بۆچوونی عەرەبی تەواو دژی ‏هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسە‌ و لەو ‏پێناوەشدا گفتوگۆی زۆری كرد، هەرچەندە لە دەستپێكی قسەكانی دا جەختی ‏لەوە كردەوە سەرجەم هاووڵاتییانی ‏كەركووك ‏پێویستیان بەوە هەیە پێكەوە ‏كۆببنەوە گفتوگۆی ئەو پرسە بكەن، گوتیشی: "ئەو كێشانەی روویانداوە ‏بەدەستی ئێمە نەبووە، ‏بەڵكو بە ‏دەستی سیاسەتڤانانی پێشوو بووە".‏
 
شەممەری جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرجەم زەوییەكان لە عێراق هەر لە ‏سەردەمی ‏عومەری ‏كوڕی خەتابەوە موڵكی دەوڵەت بوون. ئەو گوتی: ‏‏"جووتیاران بۆ سەدان ساڵ كشتوكاڵییان لەم ‏زەوییانەدا ‏كردووە و نیوەی ‏داهاتەكانیان بۆ دەوڵەت بووە".‏
 
شەممەری ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە سەردەمی عوسمانیدا دەستكرا بە ‏دابەشكردنی ‏بەشێكی ‏زۆری ئەو زەوییانە بەسەر كەسانی دەستڕۆیشتووی ‏ئەو سەردەمە هۆكارەكەشی هەروەك ئەو دەڵێت: "بۆیە زەوی درایە ‏دەسەڵاتداران تاوەكو لەژێر ‏فەرمانی ‏دەوڵەتی عوسمانی دەرنەچن". هەر ‏بەپێی قسەی د. نازم شەممەری لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم زەوییەكان ‏‏كرایەوە ‏موڵكی دەوڵەت.
 
 
'زەوییەكان موڵكی دەوڵەتن نەك كەسی'
 
شەممەری ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو نەهاتووە بۆ بەرنامەكە تاوەكو تەنیا ‏بەرگریی لە لایەنێك بكات بەڵكو وەك ئەو باسی دەكات ئەو كێشەیە زۆر ‏گەورەیە و كێشەی جووتیارێك ‏و دووان و ‏دەیان و سەتانیش نییە ‌و دەشڵێت: ‏"هاوسۆزم لەگەڵ گەلی كوردی رەسەن كە 100 ‏ساڵە ‏قوربانی دەدات، گەلی ‏كورد، پێشتر و ئێستاش ستەمی لێكراوە من بۆیە لێرەم بۆ ئەوەی بەرگریی ‏لە هەمووان بكەم، هەموومان عێراقین و ئەرك و مافمان هەیە ئەوەی كراوە ‏دەوڵەتی رابردوو كردویەتی كە دەوڵەتێكی دیموكراسیی ‏نەبوو".‏
 
بەكارهێنانی دەستەواژەی داگیركردن، لەنێوان ‏هاووڵاتییانی ‏یەك وڵاتدا بەبڕوا ‏نازم شەممەری هەڵەیەكی گەورەیە. ئەو دەڵێت: "بەشێك لە زەوییەكانی ‏عەرەب دەوڵەت ‏دەستی ‏بەسەرداگرت". د. نازم شەممەری جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە شتێك نییە بەناوی موڵكی كەسی: "ئەوان خاوەنی ‏‏گرێبەستن، كە ‏دەوڵەت لایەنی یەكەم و جوتیاریش لایەنی دووەمە ئەو ‏زەویانەی هەشە هەمووی هی دەوڵەتە".‏
 
‏'فرسانێكی كورد 50 دینار ‌و سەربازێكی عەرەبیش 22 دیناری هەبوو'‏
 
د. نازم شەمەری باس لەوەش دەكات، حكومەتی پێشووی عێراق تەنیا بۆ ‏كورد خراپ نەبووە، بەڵكو بۆ عەرەبیش زیانی هەبووە "بۆ نموونە حكومەتی ‏عێراق سەربازی بەسەر عەرەبدا ئەسەپاند، بەڵام بۆ كورد وانەبوو، كاتی خۆی ‏سەربازێك 22 دیناری هەبوو، بەڵام فرسانێك 50 دیناری هەبوو، ئێستا ‏دۆخەكە زۆر گۆڕاوە دەوڵەت بووەتە دیموكراسی".‏
 
سەبارەت بەو گفتوگۆیانەش كە لە پەرلەمان دەكرێن لەبارەی پڕۆژە یاسای ‏تایبەت بە كورد یان هی شیعە یاخود هی سوننە ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ‏وڵاتێكی دیموكراسین. شوورەییە بڵێن ئەم پڕۆژە یاسایە هی شیعە یان سوننە ‏یاخود هی كوردە".‏
 
لەبارەی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتیش كە بە پڕۆژە یاسای سوننەكان ‏ناسراوە، د. نازم شەممەری ئەوەی خستەڕوو كە پڕۆژە یاسای لێبوردنی ‏گشتی پڕۆژەكی مرۆییە ‌و تەنیا سوننە لێی سوودمەند نابێت ئەو گوتیشی:‏ "بۆیە لێبوردنی گشتی پێویستە، چونكە كۆمەڵێك بەزۆرداری رووبەڕووی ‏سزابوونەتەوە".‏
 
هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس 'پەلەی لێكراوە'
 
سەبارەت بە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای ‏شۆڕشی بەعس، د. نازم شەممەری بۆچوونی وایە زۆر پەلە لەو پڕۆژە یاسایە ‏كراوە ‌و گوتی: "بابەتەكە زۆر ئاڵۆزە ‌و نابێت پەلە لە هەڵوەشاندنەوەی ‏یاساكان بكرێت، چونكە خەڵكی تووشی ئاشووب دەكات".‏
 
شەممەری جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئەوانەی ئێستا زەویی ‏جووتیارانی كوردیان لایە، قەرەبوو بكرێنەوە. لەبارەی خودی خۆشی ئەوەی ‏رەتكردەوە كە داوای قەرەبووی كردبێت. ئەو گوتیشی: "من گوتەبێژی ‏جووتیارانی عەرەب نیم ‌و لێرە بۆچوونی خۆم دەڵێم، بەبڕوای من ‏قەرەبووكردنەوە یەكێكە لە رێگا چارەسەرەكان".‏
 
د. نازم شەممەری زۆر لەلای گرنگە بڕی پارەی قەرەبووكردنەوەكە لە پڕۆژە ‏یاساكەدا دیاری بكرێت: "دەبێت ئەوە روون بێت چەند پارە ‏وەردەگرنەوە لە قەرەبووكردنەوەكەدا بۆیە پێویستە لە پڕۆژە یاساكە ‏روونكردنەوەی زیاتر هەبێت".‏
 
'بەمەرجی تێپەڕانی یاساكە بەشداری حكومەتەكەی سوودانی بوون'
 
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری كورد لە عێراق ئەو رووندەكاتەوە چەندین ساڵە ‏كار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەكرێت. سەرەتاكانی پڕۆژە یاسایەكەش بۆ ‏ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە. ئەو گوتی: "ئامانجی پڕۆژە یاساكە گەڕانەوەی ‏زەوییە داگیركراوەكانە بۆ خاوەنەكانیان".‏
 
دیلان غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەرچەندە پڕۆژەكە هی فراكسیۆنی ‏یەكێتییە، بەڵام سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان پشتیوانیان كردووە: "كە بەشداری حكومەتی سوودانیمان كرد مەرجمان تێپەڕاندنی ئەم ‏پڕۆژە یاسایە بوو".‏
 
ئەوەی بۆ دیلان غەفوور جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەكەیان داوە ئەو گوتیشی: "پڕۆژە یاساكە ‏خوێنەوەی یەكەم‌ و دوومی بۆ كراوە ‌و ئێستا لە قۆناخی دەنگداندایە".‏
 
‏دیلان غەفوور ئەوە ناشارێتەوە كە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ‏زۆرن، بەڵام لەم قۆناخەدا كار لەسەر هەشتیان كراوە.

 

ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو پێكهاتەی سوننە دەیانەوێ‌ چۆنێتیی ‏قەرەبووكردنەوەكە بزانن: "ئەم پڕۆژە یاسایە ئەوەندەی بەرگێكی ‏سیاسی بەبەرداكراوە ئەوەندە گەڕانەوەی مافێك نەبووە بۆ خاوەن ماف، ‏خۆشبەختانە پێكهاتەی سوننە گەیشتوون بەوەی ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ‏ماف، بەڵام قسەیان لەسەر چۆنێتیی قەرەبووكردنەوەیەكەیە، ئەنجوومەنی ‏وەزیرانیش دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساكە داوە، ئامادەشە قەرەبوویان بكاتەوە ‏جا بەپارە یان پارچەیەك زەوی".‏
 
 
بە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە 300 هەزار دۆنم دەگەڕێتەوە
 
هەر بەپێی قسەی پەرلەمانتارە كوردەكەی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ‏هەشت بڕیارەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش 300 هەزار دۆنم زەوی بۆ ‏خاوەنەكانیان دەگەڕێتەوە. دیلان غەفوور ئاماژە بەوەش دەكات داوایان كردووە ‏لەم هەفتەیە دا پڕۆژە یاساكە بخرێتەوە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان. 
 
ئەو گوتی: "ئەگەر لەم قۆناخەدا ئەم هەشت بڕیارە هەڵوەشێتەوە، لە ‏داهاتوو دا بڕیارەكانی دیكەش هەڵدەوەشێنەوە".‏
 
سەبارەت بە بۆچوونی شیعە‌ و سوننە لەبارەی پڕۆژە یاساكە، پەرلەمانتارە ‏كوردەكەی عێراق گوتی: "شیعە لەگەڵ پڕۆژە یاساكەیە، بەڵام سوننە ‏بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵی نییە".‏
 
دیلان غەفوور باس لە هەڵوێستێكی جوانی هادی عامری، سەركردەی شیعە ‏دەكات، كاتێك لەگەڵ كۆمەڵێك پەرلەمانتاری عێراق لە ماڵیان میوان بووە؛ ‏گوتی: "هادی عامری بە شیعەكانی گوت، ئەوە مافە ‌و دەبێت ماف بگەڕێتەوە ‏بۆ خاوەنەكەی".‏
 
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەش ناشارێتەوە كە لەكاتی ‏دەنگدانیان بە سەرۆكی پەرلەمان (مەحموود مەشهەدانی) تێپەڕاندنی ‏یاساكەیان كردووەتە مەرج "بۆیە گەشبینم بەوەی پڕۆژە یاساكە لەم وەرزە دا ‏تێپەڕی. لەوەش دڵنیام پڕۆژە یاسای هەموواری باری كەسێتی كە هی ‏شیعەكانە 100٪ تێدەپەڕێ‌".‏
‏ 
'لەدوای 40 ساڵ داگیركاری پێمان دەڵێن پەلە مەكە'
 
دیلان غەفوور بەوەش تووڕە دەبێت كە بەشێك لە سوننەكان هاوشێوەی نازم ‏شەممەری پێیان دەڵێن پەلەتان لە پڕۆژە یاساكە كردووە. گوتی: "لە دوای 40 ‏ساڵ لە داگیركاری زەویەكانی كورد لە كەركووك هێشتا پێمان دەڵێن پەلە ‏مەكەن".‏
 
پەرلەمانتارە كوردەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ ئەم قۆناخە توانیویانە ‏كار لەسەر هەشت بڕیار بكەن، بۆ داهاتوو كار لەسەر ئەوانی دیكەش دەكەن. ئەو گوتی: "ئێستا دەتوانین كار لەسەر هەر هەشت بڕیار بكەین ئەوەندەی ‏ئاگادارین وەزارەتی داد كار لەسەر 900 هەزار دۆنمی دیكەش دەكات."‏ 
 
دیلان غەفوور هێما بەوەش دەكات لەم كابینەیە دا كار لەسەر مادەی ‏‏140 كراوە ‌و گوتی: "100 ملیار دینار بۆ هەر ساڵێكی مادەی 140 ‏دانراوە".‏
 
 
بۆچوونی ئایین لەسەر ئەوانەی زەوی داگیر دەكەن
 
شێخ نەجات تاڵەبانی، نوێنەری جوتیارانی ‏داقووق وەك میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە باس لەوە دەكات لەسەر داگیركردنی زەوی خەڵكی چەندین ‏فەرموودە لە ئایینی ئیسلامدا هەیە؛ ‏‏ئەو دەڵێت: "فەرموودە لەسەر ئەوە هەیە ‏هەر كەسێك بستێك زەوی داگیر بكات، خوا حەوت تەبەق بەناخی زەویدا ‏دەیباتە خوارەوە".‏
 
ئەو رەخنە لە نازم شەممەریش دەگرێت بەوەی دكتۆرای لە مێژووی ئیسلامدا ‏هەیە‌ و ماوەیەكیش لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان پێشنوێژ ‌و گوتاربێژ بووە، ‏بەڵام خۆی عەرەبێكی داگیركەرە. ئەو دەشڵێت: "شێخ مەزهەر عاسی هەیە ‏پیاوێكی زۆر ئیماندارە. كاتی خۆی ئامادە نەبوو زەویی كورد داگیر بكات. تاوەكو وەسێتیشی كردبوو كە كۆچی دواییكرد لە خاكی داگیركراو دا ‏نەینێژن". شێخ نەجات تاڵەبانی ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە1971 بەعس ‏یاسای چاكسازی كشتوكاڵی دەركردوە ئەو كاتە ئەو یاسایە زۆر باش بووە ‏‏"لەو كاتەدا  زەوی بە یەكسانی بەسەر كورد‌و عەرەب ‌و توركمان دابەش كرا، ‏بەڵام بەدانخەوە لە1973 وە دەستكرا بە داگیركردنی زەوی جووتیارانی ‏كورد".‏
 
دەبوو كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر 13 بڕەكە بكرایە ‏نەك هەشت
 
ساتع ناسیح، كە وەك نوێنەری جووتیارانی كەركووك لە بەرنامەكەدا ‏ئامادەبوو لە دەستپێكی قسەكانی باسی لەوە كرد لەلای سەیرە هەندێك ‏دەڵێن كەو ئەو زەویانە هی دەوڵەتە. ئەو رەخنە لە كاری پەرلەمانتارانی ‏كوردیش دەگرێت بەوەی دەبوو كاریان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر ‏‏13 بڕیارەكەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوەی بەعس بكردایە نەك ‏بە تەنیا هەشت بڕیار. گوتی: "ناكرێت كار لەسەر هەشت بڕیار بكرێت ‌و پێنج ‏بڕیاریش فەرامۆش بكرێت".‏
 
ساتع ناسیح ئەوەش رووندەكاتەوە بەپاساوی ئەوەی شوێنی نەوت ‌و ‏سەربازییە لە كەركووك زەوییەكانیان لە ئەوان وەرگیراوەتەوە ‌و دواتر داویانەتە جووتیارانی عەرەب: "ئەوانەی زەوییان داگیركردبووین لە ‏‏2003 دا خۆیان بەجێیان هێشت، بەڵام 2017 گەڕانەوە بە پاڵپشتی ‏راكان جبووری زەویەكانیان داگیركردینەوە".‏
 
داگیركردنی 900 هەزار دۆنم زەوی بە بڕیاری لیژنەی كاروباری باكووری ‏بەعس یەكێكی دیكەیە لەو زوڵمانەی لە جووتیارانی كوردی ئەو ناوچانە ‏كراوە لەو بارەیەوە نوێنەرەكەی جووتیارانی كورد گوتی: "لە 2012 بڕیار ‏لەسەر گەڕانەوەی ئەو 900 هەزار دۆنمە دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ‌ ‏نەكراوە".‏
 
ئەو جووتیارە كوردە باس لەوەش دەكات حكومەتەكەی سوودانی تەنیا ‏‏10 مانگی ماوە، بەڵام مادەی 140 هەر جێبەجێ نەبوو لەكاتێكی ‏مەرجێكی بەشداری كورد لەو حكومەتە جێبەجێ‌ كردنی ماددەی 140 بووە.‏
 
 
دەبێت وەزارەتی داد بڕیاری گەڕانەوەی 900 هەزارەكە جێبەجێ‌ بكات
 
شكار مەردان، كە وەك پارێزەری جوتیاران كورد ‌و توركمان لە ‏كەركووك ‏‏‏لەبەرنامەكەدا بەشداربوو لە دەستپێكی قسەكانی دژی گوتەكانی نازم ‏شەممەری قسەی كرد و گوتی: "داگیركردنی زەوی پەیوەندی بە ئیسلام ‌و ‏عومەری كوڕی خەتابەوە نییە، بەعس ئەو كارەی كردوە".‏
 
ئەو پارێزەرە كوردە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە پەرلەمان كار ‏لەسەر چالاككردنەوەی مادەی 140 بكات.‏
 
سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 29 كە كار لەسەر گەڕانەوەی 900 هەزار دۆنم ‏زەوی جووتیاران دەكات پارێزەر كوردەكە جەختی لەوە كردووە كاركردن ‏لەسەر ئەو بڕیارە ئیشی وەزارەتی داد ‌و ئەبێت ئەوان جێبەجێ بكەن.
 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە