پارتی شاندێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبەکان پێکهێنا
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو خاوەن گەورەترین فراکسیۆن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان پێکهێنا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 03.11.2024، لە سەرچاوەیەکی باڵای ناو پارتی دەستیکەوتووە، ئەو حیزبە شاندێکی بۆ کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و چەند ئەندامێکی هەیە، لەوانە پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی؛ "لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە گەڕی یەکەمی سەردان و کۆبوونەوەکان دەکەن."
رۆژی 29.10.2024، هێمن هەورامی، بهرپرسی مهكتهبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، شاندێک پێکدەهێنن بۆ سەردانی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
هێمن ههورامی گوتی، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "ڤیتۆیان لەسەر هیچ حیزبێکی سیاسیی نییە."
20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.