بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پەکەکەی لە قەندیل راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەیلای پەکەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی قەندیلی باشووری کوردستان راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە رۆژی هەینی 3ـی تشرینی دووەمی 2023، بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ – قوفڵ سێ گەریلای پەکەکە کە لە ناوچەی قەندیل لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراون، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە کراونەتە ئامانج. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیێندراوەکەی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ دیمەنی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوون. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "بەردەوام دەبین لە لێدان" و جەختیشی کردووەتەوە، بە بڕیارەوە درێژە بە  شەڕی دژی "تیرۆریستان" دەدەن.
 
سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ ـی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.