رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران، لە دووەم رۆژی سەردانیدا بۆ پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی شاری سەقزی کرد و لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمیی فرۆکەخانەی ئەو شارەی کردەوە.
رۆژی هەینی، 03-11-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای سنە، سەردانی شاری سەقزی کرد و لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی فڕۆکەخانەی سەقزی کردەوە، کە نزیکەی 20 ساڵ بوو کاری تێدادەکرا.
ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە لە پەراوێزی رێورەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەقز رایگەیاند، بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەکە زیاتر لە 500 ملیار تمەن خەرجکراوە و ساڵی رابردوو 120 ملیار تمەن لە بودجە و داهاتی کۆمپانیای فڕۆکەخانەکانی ئێران بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە تەرخانکرا.
پارێزگاری سنە گوتی، "فڕۆکەخانەی سەقز ئەو بۆشاییە ئاسمانییەی لە باکووری رۆژئاوای وڵات و بە تایبەت لە نێوان ورمێ و کرماشاندا هەیە پڕدەکاتەوە، هەروەها لە کاتی رووداو و قەیرانەکاندا رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گواستنەوەی هاوکاری بۆ ناوچەکە."
رۆژی چوارشەممە، 1-11-2023، جەعفەر تەوان، قایمقامی سەقز رایگەیاند، دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەقز لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، یەکەمین گەشتیی ئاسمانی لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە، رۆژی هەینی لە سەقزەوە بۆ تاران دەکرێت.
هەروەها بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران ئەمرۆ سەردانی شاری بانەش بکات و لەو شارە یاریگەیەکی وەرزشی داخراو و کۆمەڵێک پرۆژەی ئاو و ئاوەرۆ بکاتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران دوێنێ لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سنە، هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان- سنەی کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2-11-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژە، گەیشتە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی سنە لە لایەن ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو پارێزگایە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەدا، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەزیرانی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی، وزە، میراتی کولتووری و گەشتیاری، رێگە و شارسازی، کشتوکاڵ و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە و سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران، یاوەری ئیبراهیم رەئیسی دەکەن.
ئەمە دووەمین سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ پارێزگای سنە. یەکەم سەردانی لە 8ـی تەمموزی 2022 بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ