رووداو دیجیتاڵ
لە 7ـی ئەیلوولەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر "خێراتر" کراوە و تاوەکو ئێستا 1600 سەگ لە شەڵتەرەکاندا کۆکراونەتەوە.
پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگ لە هەولێر لە 22-10-2023ـەوە لەلایەن تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتیى خزمەتگوزارى ژینگەپارێزى هەولێر بەڕێوەدەچێت و ڤێتێرنەری تەنیا سەرپەرشتیی کاروباری پزیشکی دەکات، "ئەو گۆڕانکارییەش بەهۆی خاوی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بوو لە رابردوودا."
لە 27-09-2023ـەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگ خێراتر بەڕێوەچووە و توانراوە تاوەکو ئێستا 1600 سەگی بێلانە کۆبکرێنەوە، "بەڵام ژمارەی سەگ لە هەولێر هێندە زۆرە پێوەی دیار نییە ئەو ژمارەیە کۆکراوەتەوە."
رۆژی 8ـی تەممووز لە پارێزگاری هەولێر دەست بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە کرا. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش کۆکردنەوەی سەگ لە سەنتەری شارەکان بەڕێوەدەچێت شارەوانییەکانی دیکەش دەتوانن بە پلان سەگەکان کۆبکەنەوە و شەڵتەر لێیان وەردەگرێت. تاوەکو ئێستا زۆرترین سەگ لە گەڕەکەکانی فەرمانبەران، رۆشنبیری، هەولێری نوێ و 32 پارک کۆکراونەتەوە.
ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دروستکراوە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ و رووبەرەکەی 20 دۆنمە و توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 10 هەزار سەگی هەیە؛ لە شێڵتەرەکەشدا زیاتر لە 36 جێگە بۆ حەوانەوەی سەگەکان دابینکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەموو رۆژێک پزیشکی ڤێتێنرنەری لە شەڵتەرەکە ئامادەیە و بەگوێرەی پلانێک سەگەکان نەزۆک دەکرێن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە سەنتەر شاری هەولێر نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ