نووسراوێکى نھێنى وەزارەتى بەرگریى عێراق: گرتووخانە و سەربازگەکان بپارێزن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق بەنهێنى رێنمایی خۆپارێزى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، ئاراستەی هێزەکانیان دەکات و داوایان لێدەکات گرتووخانە و سەربازگە و کۆگاکانی چەک بپارزێن و هەوڵى هەواڵگرى چڕ بکەنەوە.
بەگوێرەى نووسراوێکى نھێنى، کە لە 28ـی تشرینى یەکەمى 2023، فەریق روکن ئەحمەد داوود سەلمان، ئەمیندارى گشتیی وەزارەتى بەرگریى عێراق، ئاراستەى سەرۆکایەتیى ئەرکانى سوپاى عێراقى کردووە، بە فەرمانى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیران، دەبێت چەند رێکارێکى خۆپارێزى بگیرێتەبەر، ئەویش بەهۆی گۆڕانکارییە ئەمنی و هەرێمییە خێرا و بەردەوامەکان، کە لە ناوچەکەدا روویانداوە.
لەو رێنماییانەدا هاتووە، دەبێت کۆگاکانی چەک و تەقەمەنى بپارێزرێن و لە چەند شوێنێکى جیاواز هەڵبگیرێن و فەرماندە مەیدانییەکان زرێپۆش بڵاوبکەنەوە و سەرجەم ئامێرە سەربازی و چەکەکان چاکبکرێنەوە و دەبێت دڵنیایی هەبێت لەبارەى ئاسایشى سەربازگەکان و بپارێزرێن.
هەر بەپێی نووسراوەکە، داوای پاراستنی گرتووخانەکان کراوە و داواکراوە رێوشوێنى تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بگیرێتەبەر و نەرمى بەرامبەر هیچ کێشەیەک نەنوێندرێت.
سەرچاوەیەکى ئاگادارى سەربازی، ناوەڕۆکی نووسراوەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "نووسراوەکە جگە لەوەى نھێنییە لەو جۆرەیە کە بۆ کەسێکى دیایکراو نێردراوە، کە نابێت جگە لەو کەسە، کەسی دیکەی نووسراوەکە ببینێت، بەڵام دزەى پێکراوە."
هەر لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، هەوڵى هەواڵگریی مرۆیی و هونەریى چڕبکرێتەوە بەرامبەر بە هەڕەشەگەلێک، کە رەنگە لە قۆناخى داهاتوودا رووبدەن.
ئەو هۆشدارییەى وەزارەتى بەرگریى عێراق بۆ یەکە سەربازییەکانى لەکاتێکدایە، کە بەهۆى شەڕى نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى غەززە لەماوەى رابردوودا چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق.