عادل باخەوان: ئێستا کورد لەنێو دروستکردنەوەی مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە
رووداو دیجیتاڵ
دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕی غەززەوە ئاڵۆزە و رۆژانە بەرەکانی جەنگ فراوان دەبن، لەبارەی کاریگەرییەکانی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەسەر کورد بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، ئێستا کورد لەنێو پرۆسەی دروستکردنەوەی مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە.
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە رایگەیاند، "گرنگیی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆشکی ئێلیزێ لەوەدایە کە ئێستا جارێکی دیکە مێژوو دروستدەکرێتەوە و دەنووسرێتەوە، فەرەنساش هێزێکی کاریگەری جیهانە و دەیەوێت کورد بەشدار بێت لە پرۆسەکەدا."
بەشێک لە چاودێرانی دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر هەیە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر پەرەبسێنێت و لە داهاتوودا ببێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا. ئەمریکاش دەڵێت، لە رێگەی هاوپەیمانەکانییەوە هەوڵی ئەوە دەدات شەڕەکە نەبێتە شەڕێکی هەرێمی.
نزیکەی مانگێکە ئیسرائیل و حەماس لە شەڕدان، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە 7ـی مانگی رابردووەوە کە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار فەلەستینی کوژراون، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل دەڵێت، 1400 کەسی سڤیلیان لێ کوژراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 3-11-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆبووەوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەکە تەوەرێکی سەرەکی تاوتوێکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
عادل باخەوان گوتی، "دوو مانگە ئامادەکاری بۆ ئەم دیدارە دەکرێت، لە ئەجێندای سەرۆککۆماری فەرەنسادا ئەمە تاکە سەردانە لەم مانگەدا هەڵنەوەشاوەتەوە بەهۆی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چونکە ماکرۆن زۆر سەرقاڵی پێشهاتەکانە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە فەرەنسا گرنگی زۆر بە کورد دەدات."
هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، عەزیز ماملێ پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بە رووداوی گوت، لە ئەگەری فراوانبوونی ململانێکاندا، فەرەنسا لەگەڵ دۆستەکانی کۆدەبێتەوە.
عەزیز ماملێ گوتیشی، "فەرەنسا دەتوانێت گوشار لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکات تاوەکو کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، چونکە کۆمەڵێک پەیوەندی زۆری لەگەڵ عێراق هەیە و هەوڵدەدات رۆڵی هەبێت لەو وڵاتەدا، یەکێک لە داواکارییەکانی ئەوەیە ئەو گوشارانەی سەر هەرێمی کوردستان کەمبکرێنەوە."
لە سەرەتای هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، فەرەنسا بە تەواوەتی هاتووەتە سەر هێڵ. ئیمانوێل ماکرۆن داوای کردووە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی حەماس دروست بکرێت.
رێمی فێرۆ، سیناتۆر و سیاسەتڤانی ناسراوی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فەرەنسا، گوتی، "کاتی خۆی بەبێ بوونی هێزی کوردی لەسەر زەوی هاوپەمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست نەدەبوو، بەبێ پێشمەرگە، لە سووریا، لە عێراقدا بۆردوومانی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ناتۆ کاریگەر نەدەبوون، "ئێستا ئێمە لە غەززە لە هەمان رەوشی جوگرافیدا نین، خۆ ئەگەر سەرۆکی فەرەنسا ویستبێتی بڵێت پێویستە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر هەبێت کە حەماس نوێنەرایەتییان دەکات، من پاڵپشتیی ئەو بیرۆکەیە دەکەم، بەڵام بە بڕوای من ئەو چەمکە زۆر ورد نییە و باش دانەڕێژراوەتەوە."
ئەو سیاسەتڤانە هۆشداریی دا لەبارەی هەبوونی "پیلانێک" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوتی، فەرەنسا رەوشی ناوچەکە لەگەڵ دۆستەکانی تاوتوێ دەکات.
رێمی فێرۆ بە دیاریکراوی گوتی، "ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەگەر هەیە پیلانێک هەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ململانێ لە ناوچەکەدا و ئەوەش پێویستی بە کاری دیپلۆماسی بەرفراوان هەیە، ئێمە وەکو فەرەنسا دەبێت ئیرادەی ئەوەمان هەبێت کە دۆستەکانمان نەبنە قوربانی کە کورد لە ریزی پێشەوەیاندایە."