رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی 14ـی ئەو حیزبەدا کرد و پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش کرد بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەکەیەوە کە ئەمڕۆ لە دهۆک دەستیپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 3-11-2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی و هەروەها پیرۆزبایی لە حیزبەکەش کرد بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی 14 و تێیدا هاتووە: "جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی 14 پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر ناوی ( نوێبوونەوە - دادپەروەری - پێکەوەژیان) و دووبارە نوێکردنەوەی متمانە پێتان وەک سەرۆکی حیزب."
حەلبووسی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی دەڵێت: "تێکۆشانی دووروودرێژتان لە کاروانی خەبات و فیداکاری و پابەندیی کۆمەڵانی خەڵک و کادیرانی حیزب و شانازییان بە سەرکردایەتیان دڵنیایی دەدات و هیچ گومانێکی تێدا نییە لە زەروورەتی بەردەوامیتان لە لووتکەی سەرکردایەتیی حزب، ئەوەش وەک پشتیوانی بۆ کاروانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گەلی هەرێم و رۆڵی لە پتەوکردنی ئەزمونی دیموکراسی لە عێراق."
رۆژی پێنجشەممە 03-11-2022 کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد.
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەکەدا سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانیش بە جێگری دووەمی هەڵبژێردران.
دوای ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە، پێشنیازی کرد نێچیرڤان بارزانی بکرێتەوە جێگری سەرۆکی پارتی.
دواتر نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و پێشنیازی کرد مەسرور بارزانی بکرێتە جێگری سەرۆکی پارتی و بەو شێوەیەش مەسرور بارزانی وەکو جێگری دووەم هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ