دیزاینەری لۆگۆی کۆنگرەی 14ـی پارتی: قارەمانێتیی پێشمەرگە لە لۆگۆکەدا رەنگی داوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەبوبەکر عەلی، دیزاینەری لۆگۆی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەو گرافیستە ئەزموونی شەڕی داعش و 16ـی ئۆکتۆبەری لە لۆگۆکەیدا گونجاندووە. لە هەندێک سیمبولی دیکەش بۆ دیزاینی لۆگۆکە سوودی لە رەنگی سوور وەرگرتووە بە نیشانەی بەرگریی بۆ پاراستنی نیشتمان. بوونی بازنەش بە نیشانەی نەمری گونجێنراوە. 
 
ئەبوبەکر عەلی، دیزاینەری لۆگۆی کۆنگرەی 14ـی پارتی بە رووداوی گوت، "ئێمە شەڕی داعشمان هەبوو کە پێشمەرگە قارەمانیی زۆری نوواند. دواتریش 16ی ئۆکتۆبەر هەبوو کە دوژمنان ویستیان تەنانەت بێن بەرەو هەولێر. ئەمانە هەموو لە لۆگۆکەدا رەچاو کراون. هەروەها رەنگی سوورمان بەکارهێناوە کە نیشانەی خوێنە بۆ پاراستنی نیشتمان."
 
لە 16ـی ئابی ساڵی 1946 بە ئامادەبوونی نزیکەی 70 ئەندام، یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسترا، پارتێک بە نهێنی لە بەغدا کۆنگرەی دامەزراندنی بەست، بەڵام ئێستا بۆ یەکلاییکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکان لە عێراق رۆڵێکی گەورەی هەیە و لەنێو لایەنە کوردییەکاندا زۆرترین نوێنەری لە پەرلەمان هەیە و لە پەسندکردن و پەسندنەکردنی بڕیارەکاندا، دەنگێکی کاریگەرە.
 
بەیار فایەق، ئەندامی تیمی هونەریی هەڵبژاردنی لۆگۆی کۆنگرەی 14ـی پارتی باسی لەوە کرد، "بازنە لە هونەری لۆگۆدا نیشانەی نەمرییە. هەروەها رەنگەکان کە دوو رەنگی زەرد و سوور تێیدا بەرچاون، رەنگی زەرد کە رەنگی پارتییە و سووریش کە نیشانەی خوێن بەخشینە لەڕێگەی کوردستان، هەروەها ئەو داڵەش کە لۆگۆی پارتی وەرگیراوە و بە گشتی هەموو ئەمانە رەچاوکراون."
 
دوای تێپەڕینی 12 ساڵ لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 13، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-11-2022، بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆنگرەی 14ـی پارتی دەستی بە کارەکانی کرد و زیاتر لە 1000 کەس ئەندامی کۆنگرەکەن.
 
لە کۆنگرەدا جگە لە پێکهێنانی لیژنەکانی کۆنگرە، سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حیزب و هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران.