رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆنگرەی پارتی رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی متمانە بە سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی پارتی درایەوە، پێشنیازی کرد، نێچیرڤان بارزانی، ببێتە جێگری سەرۆکی پارتی و دوای ئەوەش کە متمانەی پێدرا، نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی کرد مەسرور بارزانی کرد ببێتە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی. ئاماژە بەوەش دەدات دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرەکانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تێکڕای ئۆرگانەکان لەناو پەیڕەودا دیاریکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆک، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامی 14ی کۆنگرەی پارتی، بە رووداوی راگەیاند: "دوای پێدانەوەی متمانە بە سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی سەرۆک چەند رێنوێنی و ئامۆژگارییەکی پێشکێشی ئەندامانی کۆنگرە کرد و پێشنیازی کرد بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ببێتە جێگری سەرۆکی پارتی و جارێکی دیکە ئەو متمانەیە بەدەست بهێنێتەوە".
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، دوای ئەوەی تەواوی ئەندامانی کۆنگرە "متمانەیان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دا و بووە جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پاشان گوتارێکی تێر و تەسەلی لەسەر دۆخی پارتی و قۆناخەکە پێشکێشکرد، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی کرد مەسرور بارزانی، ببێتە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەویش متمانەی تەواوی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەستهێنا".
سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی، ئەندامەکەی کۆنگرەی 14ی پارتی گوتی: "دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرەکانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تێکڕای ئۆرگانەکان لەناو پەیڕەودا دیاریکراوە، دوای دروستکردنی چەند لیژنەیەک گفتوگۆ لەسەر پەیڕەو دەکرێت و پاشان بڕگە بە بڕگە و تێکڕای پەیڕەو و پرۆگرام دەخرێتە دەنگدان. ئەو پرۆسەیەش بە دڵنیاییەوە دەکەوێتە بەیانی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 کۆنگرەی پارتی بەبەشداریی 1020 ئەندام لە شاری دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد. کۆنگرە سێ رۆژ دەخایێنێت، ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی بڕیاریانداوە خۆیان هەڵنەبژێرنەوە، ئەوە جگە لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە لە دوای کۆنگرەی 13 گیانیان لەدەستداوە یان وازیان هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ