زانکۆی کوردستان - هەولێر بۆ دەرچووانی: بازاڕی کار چاوەڕوانتانە

03-11-2021
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
پۆلێکی خوێندن لە زانکۆی کوردستان - هەولێر
پۆلێکی خوێندن لە زانکۆی کوردستان - هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جوانە کاتێکی کەمی ماوە بۆ گەیشتن بەو خەونەی چەندین ئاستەنگی گەورەی بۆ تێکشکاند، ئەو کچێکی 24 ساڵانی نابینایە، چیرۆکی لەگەڵ هەموو ئەو قوتابیانەی دیکە جیاوازترە کە ئەمڕۆ لەسەر ستەیجی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان - هەولێر دەوەستن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە جوانە مستەفا بڕوانامەی ماستەر لە زمانی ئینگلیزی وەردەگرێت و ئاهەنگ نەک تەنیا بۆ دەرچوون بەڵکو بۆ ئەو بەڵێنانەش دەگێڕێت کە دا بەخۆی دابوون. 
 
جوانە مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆ [زانکۆی سلێمانی] زۆر دژایەتی دەکردم، پێیدەگوتم تۆ هەرگیز ناتوانی لەو بەشە بخوێنی هەندێک جاریش بەبیانووی ئەوەی لە کۆڵ خۆیم بکاتەوە دەیگوت بڕۆ بۆ ماڵەوە، ئەمساڵ ساڵی داهاتوو رەنگە قەرارێک بێت و تۆش بگرێتەوە، بەڵام راستی من نە قسەکانی ئەو رایوەستاندم نە قسەی هیچ کەسێک. دواتر لە ساڵی 2019 کە دەرچووم لە زانکۆ تەنیا سێ مانگ وەستام کە پشووی هاوین بوو هەر لەو کاتەدا فۆڕمم پڕکردەوە و داواکاریی خوێندنی ماستەرم پێشکەشکرد لە زانکۆی کوردستان -هەولێر. خوێندنی ماستەر ئاسان نییە، زەحمەتییەکی زۆری دەوێت، بەڵام زانکۆی کوردستان لەبەردەم مندا پرۆسەکەی ئاسان کرد بەوەی کە هاوکارم بوون لە رێگەی ئەکسێسکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا لە کاتی خوێندنی رۆژانەدا." 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-11-2021 ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020/2020-2021 بۆ بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بە (348) خوێندکار بەڕێوەدەچێت. ئاهەنگەکە لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت. 
 
لە زانکۆی کوردستان ستافی ئەکادیمی لە 84 کەس پێکدێن و (1196) قوتابی لە چوار سکوڵ دەخوێنن کە بریتین لە 
زانست و ئەندازیاری، زانستی کۆمەڵایەتی، پزیشکی و ئابووری و بەڕێوەبردن دەخوێنن. سکوڵی پزیشکی کە نوێترین سکوڵی زانکۆی کوردستانە لە مەراسیمی ئەمجارە یەکەم خولی دەرچوونیانە.
 
گۆڤار کامیل، ئەندامی بەشی پەیوەندییەکانی زانکۆی کوردستانە و دەڵێت، "دەرچوون لە زانکۆی کوردستان مایەی ئەوەیە کە تۆ هەلی کارت بۆ رەخساوە لەبەرئەوەی لە زانکۆیەک دەرچووی کە پێشەنگە لە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکە، دەرچوون لەو زانکۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ زانست و زانیارییەکی تەواوت هەڵگرتبێت لەگەڵ خۆت کە بەڕاستی بتوانی کێبڕکێ بکەی لە بازاڕی کاردا و باشترین لەو شوێنانەی کە بۆ کار ئامادەکراون تۆ بەدەستیان بهێنیت. وەکو قوتابییەکی دەرچووی زانکۆی کوردستان، بەناوی زانکۆی کوردستانەوە من پیرۆزباییان لێدەکەم و دڵنیابن بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات." 
 
زانکۆی کوردستان بەوە ناسراوە کە گرنگی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەدات هەر بۆیەش قۆناخی فاوندەیشنیان داناوە کە هەموو قوتابیەک ساڵێک دەبێت بیخوێنێ هەروەها زۆرترین هەلی کار بۆ دەرچووانی فەراهەم دەکات. بە گوتەی بەرپرسانی زانکۆ %99 دەرچووانیان کاریان دەستکەوتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە