بەتەمەنترین ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی بەکارەکانی هات

03-11-2019
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

بە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق هەر 41 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەسەر کار لادران، بڕیارەکە جیا لەنیگەرانی ئەندامان، لەدادگای فیدراڵی تانەی لێدرا بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی یاسایە.
 
ئیبراهیم خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کاتی خۆی بەبڕیاری بریمەر کراوە، بۆیە ئێمە وەکو کورد نیگەرانین لەو بڕیارە و چاوەڕێ دەکەین بزانین ئەو تانانەی لەبڕیارەکە دراون چییان لێدێت". 
 
جیاواز لەپارێزگاکانی دیکە بۆ کەرکووک بڕگەیەک لەبڕیارەکەی پەرلەمان زیادکراوە، نوێنەرانی کەرکووک لەپەرلەمانی عێراق دەبنە جێگرەوەی ئەنجوومەن و چاودێری کارەکانی پارێزگار دەکەن. مافی لێپرسینەوە و تەنانەت لەسەر کارلادانیشیان دەبێت.
 
بەو بڕیارە تۆپەکە جارێکی دیکە کەوتووەتەوە گۆڕەپانی کورد، بۆیە عەرەب و تورکمان تاوەکو پێگەی پارێزگارەکەیان بپارێزن داوای رێککەوتنیان لەکورد کردووە.
 
جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەو کارانەی لەپارێزگای کەرکووک دەکرێ کارگێڕی یان پرۆژەکان بۆسەرجەم کاروبارەکانی پارێزگاکە ئێمە دەبینە چاودێر بەسەر پارێزگارەوە، پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیش هاتنەلامان و گوتیان رێکدەکەوین لەسەر ئەو کاروبارانەی دەکرێ تاوەکو بتوانین بەهاریکاری یەکدی کارەکان بکرێت".
 
لەکۆی 13 نوێنەری کەرکووک لەپەرلەمانی عێراق کورد بە شەش ئەندام زۆرینەیە، عەرەب و تورکمان یەکی سێ ئەندامیان هەیە و نوێنەرێکی مەسیحیەکانیش هەیە کە لەبڕیار و هەڵوێستەکان لەکورد زۆر نزیکە.
 
بڕیارە لە نیسانی ساڵی 2020 هەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێوەبچێت، ئەگەرچی کورد لەو یاسایە نیگەرانە کە هەڵبژاردنەکەی پێدەکرێ، بەڵام بە راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەک لە 32 حیزب و لایەن ئامادەسازی تەواوی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سومەیە ئەختەرشومار بەهۆی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی ئێران بە دەرکردن لە پیشەکەی سزا دراوە

مامۆستایەکی دیاری قوتابخانەکانی مەریوان لەسەر کار دەرکرا

دەستەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکان لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزای دەرکردنی مامۆستایەکی قوتابخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەسند دەکات کە بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایی پیشەیی مامۆستایان بەسەریدا سەپاوە.