بازاڕی لەنگەی هەولێر بەشێوازێکی نوێ دروستدەکرێتەوە

رووداو - هەولێر

نۆژەنکردنەوەی و دووبارە دروستکردنەوەی دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە لەماوەی مانگێکدا بەشێوازێکی نوێ دەست بە دروستکردنەوەیان بکرێت.


لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی دوو لیژنە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دووکانەکان پێکهاتن، لیژنەیەکی تەکنیکی و فەننی کە ئەرکی چاودێری پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆیە و لە چوار لیژنەی لاوەکی پێکهاتووە وەک: لیژنەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاوی خواردنەوە، ئاوەڕۆ و شەقام و کارەبا.

هەروەها لیژنەیەکی سەرەکی دیکە کە ئەرکەکەی بەدواداچوونە بۆ زەرەر و زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی دووکاندارەکان، بەپێی توانای داریی حکومەت.

دووکاندارەکان لەنێو خۆیاندا چەن لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە سەرپەرشتی ماددی و بەرەوپێشچوونی کارەکان بکات. 

ئەوان دەڵێن ئەگەر حکومەت بەڵێنەکانی بەزوویی و لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکات، ئێمە هەرچۆن بەزووترین کات دوای ئاگرکەوتنەوەکە دەستمانکرد بە کاری نۆژەنکردنەوە، هەر بەو خێراییەش تەواوی دەکەین.

سەبارەت بە شێوازی دروستکردنەوەی بازاڕەکە، هەوڵدەدرێت بەشێوازێکی مۆدێرن بازاڕەکە دروستبکرێتەوە، سیستمەکی نوێی کارەبا و ئاوی بۆ دادەنرێت و رێڕەوی بازاڕەکە بە شێوازێک دەبێت کە لەکاتی نەخوازراودا بەزووترین کات رێگە لە هەرجۆرە رووداوێک بگیرێت. هەروەها رەچاوی رێکارە ئەمنی و تەندروستییەکانیاش دەکرێت.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە لەکۆی 2400 دووکان، 1654 دووکان بەتەواوی سووتان، کە بە لەبەرچاوکردنی عەرەبانە و مێزەکانی بەردەم بازاڕەکە دەکاتە 1800 دووکان.

بەگوتەی لیژنەی تەکنیکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە ئەگەر کەشوهەوا گونجاوبێت لە ماوەی نزیکەی دوو  هەفتەدا هەیکەلی سەرجەم دووکانەکان تەواودەبێت و دواتر دەستدەکرێت بە کارەکانی نێو بازاڕەکە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن