رووداو - دهۆك
بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دهۆک دەڵێت، حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران خۆیان لە ئاوارەکان نەکردووەتە خاوەن.
رەڤەند هروری، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دهۆك بە رووداوی گوت "بەداخەوە زۆربەی شتەکان لە عێراق لە چوارچێوەی سیاسەت و ناکۆکی تێدەپەڕێت، بۆیە تاوەكو ئێستا وەکو پێویست نە حکومەتی عێراق و نە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران خۆیان لە ئاوارەکان نەکردووەتە خاوەن".
هروری بە پێویستی دەزانێت خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، "چونكە باشترە لەوەی ئاوارەببن".
بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دهۆک راشیگەیاند، تاوەكو ئێستا نزیکەی 2 هەزار 300 کەس لە کەمپی زیلکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێکراون.
رەڤەند هروری دەشڵێت "دواتر رێکخراوەکانی WFP خۆراک بەسەر خانەوادەکان دابەش دەکەن، ئەویش هەر لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکرێت، لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێریش لە خازر و دیبەگە، ئیدارەی ئەو کەمپانەش لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەدەبردرێت".
رەڤەند هروری، دەشڵێت "ئەگەر ئەو ئەرکە بە ئێمە بسپێرن وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئێمە بەهانای خەڵکەوە دەچین لەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراونەتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی بمێنێت و ئاوارە نەبێت، بەڵکو هەوڵی ئەوە بدەین یارمەتیان پێ بگەیێنین، مانەوە بۆ ئەو خەڵکە لە شوێنەکانی خۆیان باشترە لەوەی بێنە بن خێمەکان، چونکە بەرەو وەرزی زستان دەچین و کێشەکانیان زیاتر دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ