سەرۆکی کۆمیسیۆن: ساختەکاری لەم هەڵبژاردنەدا سفر دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، دڵنیایی دەدات و دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە زۆر شەفاف و پاک و بێگەرد دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024، حاکم عومەر ئەحمەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کاخەزی دەنگدان بەسەر ئۆفیسەکان دا دابەشکراون و کارتە بایۆمەترییەکانیش زۆربەی وەرگیراونەتەوە، داواش دەکەین ئەوانەی تائێستا وەریان نەگرتووەتەوە لە ئۆفیسەکانمان وەریبگرن."
 
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، سەبارەت بە ئەگەری دەستکاریکردنی دەنگەکان، حاکم عومەر گوتی، "رێکارەکانمان زۆر تۆکمەن و هیچ مەجالێک بۆ ساختەکاری نییە لەم هەڵبژاردنەدا، کارتی بایۆمەتری بەهیچ جۆرێک ساختە ناکرێت و ئامێرەکان بە وردی کاردەکەن، هەڵبژاردنەکانی 2021 و 2023 ئاشکرایکرد کە کۆمیسیۆن چەندە کارەکانی سەرکەوتووە."
 
دووپاتیشی کردەوە، "رێژەی ساختەکاری لەم هەڵبژاردنەدا سفر دەبێت، هەڵبژاردنەکانی 2021 و 2023 شایەتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانن، کە چەند بە سەرکەوتوویی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبردووە، سوپاسی یونامیش دەکەین کە هەمیشە ئامادەییان هەیە و هاوکارمانن."
 
سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتیشی، "کۆمیسیۆن لەوپەڕی ئامادەییدایە و بانگهێشتنامەمان بۆ سەرجەم رێکخراو و کۆنسووڵخانەکان ناردووە بۆ ئەوەی بێن و چاودێری هەڵبژاردن بکەن."
 
ئاماژەی بەوەش دا، "هەزار کارمەندمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەشێکیان راهێنانیان پێکراوە و ئەوانی دیکەش لەم رۆژانەدا راهێنانیان پێدەکرێت."
 
رۆژى 18ى تشرینی یەکەم دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ى هەمان مانگیش دەنگدانى گشتی دەکرێت، بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆن دڵنیایی دەداتە دەنگدەران و دەڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە زۆر شەفاف و پاک و بێگەرد دەبێت، هەڵبژاردنێکی زۆر جیاوازە و دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری و ئامێری پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێت، بۆیە با هاووڵاتییان دڵنیابن و بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەن."