لە تورکیا و باکووری کوردستان 644 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە 57 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، 644 کەس دەستبەسەرکران. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردەوە کە بۆ سەر بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کراوە. 
 
بە گوتەی یەرلیکایا، لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و فرۆشیارانی سەر شەقامەکان، کە لە 14 پارێزگای باکووری کوردستان و 43 پارێزگای تورکیا کرا، یەک هەزار و 603 تیم و چوار هەزار و 127 هێزی ئەمنی و 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەر و 41 سەگی مادەی هۆشبەر بەشدارییان کردووە.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کە لە 57 پارێزگادا کراوە 644 کەس دەستبەسەرکراون و دەستگیراوە بەسەر 967 کیلۆ مادەی هۆشبەر و پێنج ملیۆن و 857 هەزار و 520 حەبی  هۆشبەردا.