گەشتە ئاسمانییەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ تاران دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ لە راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ دەست بە فرۆشتنی تێکتی هەولێر و سلێمانی بۆ تاران کرایەوە.
پێنجشەممە 03-10-2024، هەژار عارف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئایان ئێر بە رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 5:00ی بەیانی ئەمڕۆوە بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان هەولێر و سلێمانی بۆ تاران درا.
لە کاژێر 7:30ی ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە، بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، گەشتە ئاسمانییەکان راگیرابوون.
هەژار عارف گوتی، "سبەی لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە، گەشت بۆ تاران هەیە."
هەفتانە سێ گەشتی هەولێر - تاران و تاران-هەولێر، هەروەها دوو گەشتی سلێمانی - تاران و تاران - سلێمانی هەیە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە نزیکەی کاژێر 7:30 هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. سوپای ئیسرائیل گوتی، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 180 مووشەکەوە بووە.
دوای هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، گەشتى فڕۆکەوانیى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیرا.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە 02-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاسمانى عێراق بەڕووى فڕۆکەی سڤیلدا کراوەتەوە، ئیدی فڕۆکەکان دەتوانن بە ئاسمانى عێراقدا تێپەڕن یان گەشتی هاتن و چوون لە رێگەی فڕۆکەخانەکانى عێراقەوە بکەن."