قایمقامی هەریر: یاریگەیەکی مۆدێرن بە گوژمەی 722 ملیۆن دینار دروست دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی هەریر رایدەگەیێنێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەریر جێبەجێکراون. رەزامەندیش لەسەر دروستکردنی یاریگەیەکی مۆدێردن دراوەو هەفتەی داهاتووش بەردی بناخەی ناوەندێکی وەرگرتنی گەنم دادەنرێت.
 
شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر بە وەکالەت میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و کێشە و گرفتەکانی شارەکەی کرد و گوتی، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا شەش پرۆژەی گرنگ لە ناوەندی قەزای هەریر بە بەهای 3 ملیار و 879 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێکراون.
 
گوتیشی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی پرۆژەی کۆنکرێت و رێگەسازی گەڕەکەکانی شارەکە بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.
 
لەبارەی جۆری پرۆژەکان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون لە سێکتەرە جیاوازەکانی وەکو ئاو و ئاوەڕۆ، رێگەسازی و دروستکردنی شەقام و شۆستە و پارک بوون و ئێستا نزیکەی 80٪ی شارەکە خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێکراوە.
 
شێروان جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا پارکێکی گەورە لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرایە دیاری بۆ شارەکە و بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک و 450 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە لەسەر رووبەری 32 هەزار مەتر دووجا.
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی کە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنن، یان رەزامەندییان لەسەردراوە، قایمقامی هەریر گوتی، ئێستا پرۆژەی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن لە گەڕەکی فەرەنسۆ هەریری جێبەجێدەکرێت، کە گوژمەکەی نزیکەی 800 ملیۆن دینارە، هەروەها دوێنێ بڕیاردرا بە دروستکردنی یاریگەیەکی مۆدێرن، بە گوژمەی 722 ملیۆن دینار و هەفتەی داهاتووش بەردی بناخەی بنکەیەکی وەرگرتنی گەنم دادەنرێت.
 
قەزای هەریر و ناحیەی باسرمە بۆ پرۆژەکانی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان داوای نزیکەی چوار ملیار دیناریان کردووە، شیروان جەلال گوتی، "لە پلانی پەرەپێدانی ساڵی 2024، داوای 3 ملیار و 800 ملیۆن دینارمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای هەریر و ناحیەی باسرمە".
 
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی زێدەڕۆیی لە شارەکەدا، قایمقامی هەریر دەڵێت، ئێستا فەرمانی وەزاریمان هەیە بۆ دووبارە دانانەوە و چاککردنی نەخشەی کەرتی و ماستەرپلان و رووپێوی ئاسمانی (درۆنی)، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەری گرفتی زێدەڕۆیی.
 
بەڵام بەگوتەی شێروان جەلال، بەهۆی فڕۆکەخانەی هەریر، ناوچەکەیان بە ناوچەی سوور (Red Zone) هەژمارکراوە و ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی ئەمنین و پاشان رووپێوی ئاسمانی بۆ قەزاکە دەکەن.
 
چەند هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی سەرکەند خەیلانی لە سنووری قەزای هەریر، پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کردووە و دەڵێن، رێگەی گوندەکەیان خراپە و داواکارن چارەسەر بکرێت.
 
قایمقامی هەریر دەڵێت، "نزیکەی 95٪ی گوندەکانی سەر بە قەزای هەریر، رێگەوبانیان بۆ جێبەجێکراوە و تەنیا یەک گوند رێگەی نییە کە گوندی (سۆکە)یە و لە پلانی 2024 داوای 224 ملیۆن دینارمان کردووە. بۆ چارەسەرکردنی گرفتی رێگەی گوندی سەرکەند خەیلانیش نووسرامان بۆکردووە، لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانی رەزامەندین".