کۆمیسیۆن: یەکەم جار کارمەندانى سەر سندووقەکان دەنگ دەدەن و کارتەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە 40 هەزار کارمەندى سەر سندووقەکانى دەنگدان یەکەم کەس دەبن کە دەنگ دەدەن لە رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کارتى دەنگدانیان لێ وەردەگیرێتەوە و لە زەرفێکدا هەڵدەگیرێن.
 
بەگوێرەى رێنمایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان عێراق، بۆ دەنگدانى کارمەندانى سەر سندووقى دەنگدان، لە دواى دەنگدانیان لە بنکەکانى دەنگدان راستەوخۆ کارتى بایۆمەترییەکانیان لێ وەردەگیرێت.
 
محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان یەکەم کەس دەبن، کە لە رۆژى دەنگدانى گشتى دەنگ دەدەن و لە دەنگدانى تایبەت دەنگ نادەن.
 
بەگوێرەى رێنماییەکەى کۆمیسیۆن، دەنگدانى کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان دەبێت تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانى رۆژى دەنگدان تەواو بێت و کارتى بایۆمەترى دەنگدانەکانیان دەکرێتە زەرفێکى قەبارەى A3 و لە بەردەم کامێراى چاودێرى وێستگەى دەنگدانەکان زەرفەکە دادەخرێت و ژمارەى کارتى کارمەندەکانى سەر سندوقى دەنگدانى لەسەر دەنوسرێت.
 
محەممەد یونس گوتى، "کۆکردنەوەى کارتى بایۆمەتریی کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان لەو رۆژەدا و هەڵگرتنى لەو زەرفە تایبەتەدا، رێکارێکى خۆپارێزییە ئەگەرنا ناتواندرێت بەکاربهێندرێتەوە".
 
زیاتر لە 41 هەزار کارمەند سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى 20ى تشرینى یەکەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن.