دکتۆریش سەری لێ دەرناکات؛ ژنێکی باکووری کوردستان دوو هەفتەیە بێوچان دەپژمێت

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی خەڵکی ئێلهی باکووری کوردستان ماوەی دوو هەفتەیە شەو و رۆژ بێوچان دەپژمێت. پژمینەکەی بەجۆرێکە، ناتوانێت تەنانەت قومێک ئاو بخواتەوە یاخود قسەیەکیش بکات. 
 
تاکە پشوودانی بەنازین ئایدن ئەوەیە کە ماندوو دەبێت و خەوی لێدەکەوێت؛ هەر کە چاوەکانی کردەوە، دیسانەوە پژمینەکەی دەستپێدەکاتەوە. 
 
لەگەڵ دەستپێکی ئەم کێشەیەی، یەکسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لەوێ پشکنینی ئەنفلەوەنزای بۆ کراوە، دەرمانی پێدراوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. 
 
ئەمینە ئایدن، خەسووی بەنازیر ئایدن دەڵێت: "دوای ئەوەی گەڕاندیانەوە ماڵەوە، هەرکە پژمینەکەی زیاد کرد، بەسەر زەوی دا کەوت. وامزانی تووشی جەڵتەی دڵ بووە. دکتۆریش گوتی ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ. لەو رۆژەوەی هاتووەتە لام، هیچ نەخۆشییەکم لێ نەبینیوە. جگە لەوەی چەند جارێک دەیگوت سەرم ژان دەکات. من بەدەستی خۆم دەمبردە نەخۆشخانە. دەرزییان لێدەدا و سوپاس بۆ خودا چاکدەبووەوە. نە پژمینی هەبوو، نە کۆخە." 
 
یاسەمین ئایدن، خوشکی هاوژینی نەخۆشەکەیە و دەڵێت: "ئاوی دەدەمێ، ناتوانێ بیخواتەوە. هەر ئەوەندە پشوو دەدات کاتێک خەوی لێدەکەوێت، هەر کە چاوی کردەوە، دیسانەوە دەپژمێت." 
 
بەهۆی پژمینەکەی، وەزارەتی تەندروستیی تورکیا رەوانەی ئەنقەرەی کردووە. ئێستا لەوێ پشکنینی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری بەردەوامیی پژمینەکەی چییە. 
 
دوای رەوانەکردنی بۆ ئەنقەرە، رووداو پەیوەندیی بە خەسووی بەنازیرەوە کرد و لە دۆخی تەندروستیی پرسی. خەسووی بە رووداوی راگەیاند: "نا بەخوا هیچ باش نەبووە، ئەگەر باش ببا پێمدەگوتن، بەڵام هەر [لە پژمینەکەی] بەردەوامە. چارەسەر وەردەگرێت و ژیناوی پێدەدرێت. پشکنینی بۆ دەکەن، سامپڵی خوێنی لێ وەردەگرن. پزیشکی، گوێ، لووت و گەروو پشکنینی بۆ دەکەن. چەندین دکتۆر هاتن، گوتیان بزانین نەخۆشییەکەی چییە. بەنازیر لای منە، بەڵام ناتوانێت قسە بکات. بەردەوام دەپژمێت." 
 
ئێستا کەسوکارەکەی چاوەڕێی ئەوەن کە نەخۆشییەکەی بەنازیر کۆتایی بێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە نێو منداڵەکانی.