هەپەگە کوژرانی سێ سەرباز و تورکیا گیانلەدەستدانی 11 گەریلای راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی چاپەمەنیی هەپەگە کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیا، تێکشکانی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کەوتنەخوارەوەی سێ درۆنی راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش گیانلەدەستدانی 11 گەریلای راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 3-10-2024 لەلایەن هەپەگە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە رۆژی 2-10-2024 لە ناوچەی 'بەرگریی گردی ئامێدی' گورزیان لە هێزێکی سوپای تورکیا وەشاندووە و لە ئاکامدا لانی کەم سێ سەرباز کوژراون.
 
هەپەگە هەروەها رایگەیاندووە، کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆی 30-9-2024 درۆنێکی سوپای تورکیا لە ناوچەی چەمانکێ لێیدرا و خرایە خوارەوە. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازییش کرایە ئامانج و تێکشکێندرا.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاژێر 11:20ی رۆژی 30-9-2024 لە ناوچەی زاپ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەو ئامێر و شۆفڵانەیان کردە ئامانج، کە رێگەیان دروست دەکرد و بەهۆیەوە کارکردن وەستێندرا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 1-10-2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئێکس گیانلەدەستدانی 11 گەریلای پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان (ئەو ناوچەیەی بە چنگ-قوفڵ ناوی دەبات) راگەیاند.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە.