کۆمیسیۆن: لیژنەکانمان چاودێریی بانگەشە میدیاییەکانیش دەکەن؛ بەکارهێنەری زمانی زبر سزادەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لیژنەکانیان چاودێریی ئەو بانگەشانەش دەکەن کە حیزب و بەربژێران لە کەناڵ و دەزگا میدیاییەکانەوە دەیکەن. "ئەگەر یاساشکێنی بکەن سزا دەدرێن".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، زانا عوسمان، ئەندامی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن لیژنەی چاودێری تایبەتی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی پڕۆسەی بانگەشە پێکهێناوە کە بەشێکی کارەکانیان چاودێریکردنی بانگەشە میدیاییەکانی بەربژێر و حیزبەکانە."
 
گوتیشی: "ئەو لیژنانەی کۆمیسیۆن، هەر جۆرە گوتارێکی ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ببینن تۆماری دەکەن و دواتر بەشێوەی راپۆرت دەیدەنە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەوان بڕیار لەسەر سزاکەی دەدەن."
 
راوەر ئازاد، ئەندامی هۆبەی یاسایی و سکاڵاکان لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، هەر بەربژێرێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمەتی ناپاکی، وشەی بریندارکەر و ناوزڕاندن بەرامبەر کەسانی دیکە بەکاربهێنێت بەدڵنیاییەوە سزا دەدرێت."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لە مادەی 10ـدا هاتووە "نابێت هیچ بەربژێرێک بە بانگەشەکانی دەنگدەر فریو بدات و فێڵیان لێبکات، هەروەها بریندارکردن و ناوزڕاندنی کەسانی بەرامبەر قەدەخەیە". هەروەها نووسراوە: "بەکارهێنانی گوشار، ترساندن، کافرکردن و بە خیانەتکار ناساندن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
 
سزاکان بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن، پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک، ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورەبێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.