رووداو دیجیتاڵ
پارت و هاوپەیمانیێتییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کارنامەکانیان بڵاوکردووەتەوە و ئامانجەکانیان خستووەتەڕوو، زۆربەیان لە ئامانجە لەپێشینەکانیان باسی نووسینەوەی دەستووریان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام لە کارنامەکانی رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێ باسی دەستوور نەکراوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش هێشتا کارنامەی لیستەکەی چاپ نەکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووتوێی 14 تەوەردا کارنامەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە تەوەری یەکەمیدا باسی بواری سیاسی دەکات و لە خاڵی یەکەمی کارنامەکەیدا تیشک دەخاتە سەر دانانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کارنامەکەیدا هاتووە "بە یەکەوە لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردەکەین بۆ دانانی (دەستووری هەرێمی کوردستان)، دەستوورێک کە گەرەنتیی ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، کە لەلایەن گەلی کوردستان پەسند بکرێت و وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پابەندکار، ببێتە لێڤەگەڕی چارەسەری سیاسیی هەموو کێشە یاسایی و سیاسییەکان."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کارنامەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 16 بەشدا بڵاوکردووەتەوە، بەشی یەکەمی کارنامەکە تایبەتە بە سێکتەری سیاسی و دیپلۆماسی.
لە نۆیەم خاڵی بەشی یەکەمی کارنامەی یەکێتیدا هاتووە "دانانی دەستوورێکی پەسند بۆ هەرێمی کوردستان."
لە دوو بەشی دیکەدا یەکێتی جەختیکردووە لەسەر گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان بەپێی دەستوور بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەڕێی دانوستاندن و لە چوارچێوەی دەستوور."
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش لە کارنامەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چەند ئامانج و خاڵێکی نووسیوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی، لە بەشی ئامانجەکانیدا، یەکگرتوو جەختیکردووە لەسەر ''پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستووردا.''
هەروەها خاڵی یەکەمی بەرنامەکەی بریتییە لە ''گەیشتن بە حوکمی رەشید، تا ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی سەرجەم هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت''. لە یەکەم خاڵیشدا لە رێگەکانی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، یەکگرتوو نووسیویەتی: بە دەستووریکردنی ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا و گەرەنتیکردنی ماف و ئازادییەکان تێیدا.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کارنامەکەیدا لە پێنج شوێنی دیکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی نەوت و گاز کردووە، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
کارنامەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە چوارچێوەی نۆ بەش پێکدێت کە هەر بەشێکی بەسەر چەند خاڵێکدا دابەشکراوە و 27 لاپەڕەیە. بەشی یەکەمی کارنامەکە، بریتییە لە بنەما گشتییەکان، لە خاڵی سێیەمی ئەو بەشەدا باسی داڕشتنەوەی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان کراوە. "هەوڵدان بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لەژێر رۆشنایی بنەما دەستوورییەکانی عێراق و بە رەچاوکردنی ئایینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان."
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 3-10-2024) کارنامەی لیستەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، رووداو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک بەربژێری لیستەکە کرد، گوتیان: تاوەکو ئێستا کارنامەی لیستی گۆڕان چاپ نەکراوە.
بەرەی گەل
لیستی بەرەی گەل، بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی، لە کارنامەی هەڵبژاردنیدا باسی دەستووری کردووە و نووسیویەتی: ئێمە لە بەرەی گەل باوەڕی تەواومان هەیە بەوەی باشترین بژاردە بۆ ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی دەستوورێکی سەردەمییانەوە دێتەدی، کە زامنی ماف و ئازادییەکان و دادپەروەری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکات بۆ نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری)."
نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە جوارچێوەی 33 خاڵدا، کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستووەتەڕوو، بەڵام لە هیچ شوێنێک ئاماژە بە بەرنامەیان نەکراوە بۆ نووسینەوە و دەرکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان.
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، کە هێزێکی سیاسیی نوێیە، لە دووتوێی 23 لاپەڕەدا، بەرنامەی رەوتەکەی بڵاوکردووەتەوە، چەندین خاڵ خراونەتەڕوو وەک چارەسەر لە بوارە جیاوازەکاندا، لە پێنج شوێنیشدا باسی چارەسەری گرفتەکان دەکات، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، بەڵام لە هیچ شوێنێکی نێو بەرنامەی کاری رەوتەکەدا، باسی دانانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان نەکراوە.
هاوپەیمانی نیشتمانی
هاوپەیمانیی نیشتمانی کە حیزبێکی سیاسییە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارە، لە کارنامەی هەڵبژاردنیدا، 21 بەشی خستووەتەڕوو لە چوارچێوەی 30 لاپەڕەدا.
لە بەشی یەکەمی ئامانجە گشتییەکان دا، لە خاڵی سێیەمدا نووسیویەتی: رێزگرتن لە دەستووری عێراق کە هەموو گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە، بۆ کوردستانیش داڕشتنی دەستوورێکی هاوچەرخ، بە پشتبەستن بە بنەما دیموکراتییەکان و مافەکانی مرۆڤ، لەسەر بنچینەی سیستمی پەرلەمانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، لە پێناو هێنانەدی حوکمڕانییەکی باشدا."
هەروەها لە خاڵی شەشەمی هەمان بەشدا، هاوپەیمانیی نیشتمانی جەختیکردووەتەوە، بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی نیشتمانی گرێدراوی تاکە حیزب، تاکە سەرکردە، تاکە بنەماڵە، تاکە شار و تاکە ناوچەی دیاریکراو و تاکە پێکهاتە و مەزهەب نین. دامەزراوە باڵاکانی کوردستانیش وەکو پەرلەمان، سەرۆکایەتییەکان، سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە کوردستان، ئاژانسەکانی پاراستن و زانیاری و هێزی پێشمەرگەی کوردستان موڵکی گەل و سیمبوولی یەکبوونی گەلن، بۆیە دەبێت لە دامەزراوەی نیشتمانی لە چوارچێوەی دەستووردا رێکبخرێنەوە."
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان
هەریەکە لە حیزبەکانی زەحمەتکێشان، شیوعی و سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئەو سێ هێزە سیاسییە لە چوارچێوەی سێ ئامانج، 32 خاڵیان وەکو کارنامەی لیستەکەیان خستووەتەڕوو، لە ئامانجی سیاسی، خاڵی دووەمی لیستەکەدا نووسراوە: دانانی دەستووری هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەری و لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ