راوێژکارێکی سوودانی: لە رێگەی رووداو سەرەداوی دۆزینەوەی کچە ئێزدییە رفێنراوەکەی غەززەمان دەستکەوت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو سەرەداوی دۆزینەوەی کچە کوردە ئێزدییە رفێنراوەکەی غەززەیان دەستکەوتووە.

رۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024، دکتۆر خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەمجار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچە فێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت، کاتێک لە شاشەی رووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە". 
 
راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدی، وێڕای سوپاسکردنی رووداو، دەڵێت، دوای دەرکەوتنی ئەو کچە لە شاشەی رووداو، دەستبەجێ هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ ئازادکردنی، توانیان پەیوەندی پێوە بکەن و شوێنەکەی بدۆزنەوە. بەردەوام لە پەیوەندیدابوونە، تاوەکو هێنراوەتە ئوردن و لەوێشەوە بۆ عێراق و شنگال.
 
دکتۆر خەلەف شنگالی دەڵێت، ئازادکردنەکە، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممان و دەسەڵاتدارانی ئوردن بووە. 
 
دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ژنێکی کوردی ئێزدی رزگار کرا و رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. بە گوێرەی بەدواداچوونێکی رووداویش ئەو ئافرەتە بردرابووە غەززە.
 
ئەو ژنە ناوی فەوزییە ئەمین سەیدۆیە و تەمەنی 21 ساڵە، خەڵکی ناحیەی گرعزێرە لە سنووری قەزای بەعاج. 
 
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 03-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززە-ی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت، دوای دەستکەوتنی "زانیاریی گرنگ"، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە رێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازیان لێکردووە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ فەوزییە لە کەرتی غەززە لەسەر هێڵین، زۆر هەوڵمانداوە رزگاری بکەین".
 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت: "برایەکی بچووکی چەکدارەکە، فەوزییەی لەو کەرتە لەخۆی مارە کردبووەوە."
 
حوسێن قائیدی باسی لەوەشکرد، کە دوای "هەوڵێکی زۆر" لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن و حکومەتی ئەو وڵاتە فەوزییە رزگارکراوە، گەڕێندراوەتەوە شنگال.
 
فەوزییە کە دوێنێ گەیشتەوە نێو کەسوکارەکەی، لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنرابوو و بۆ چەند وڵاتێک گوێزرابووەوە. 
 
فیراس ئەمین سەیدۆ، برای فەوزییە لەبارەی چیرۆکی ئازادکردنی خوشکەکەیەوە بە رووداوی گوت: "دوێنێ لەلایەن دەزگەی هەواڵگریی عێراقەوە هەواڵی رزگارکردنی خوشکەکەمان پێگەیشت، کاژێر 09:30 شەو لە موسڵ رادەستمان کرایەوە."
 
براکەی فەوزییە دەڵێت، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی خوشکەکەیان، بەڵام چونکە لەڕووی "دەروونییەوە ماندووە"، تاوەکو ئێستا پرسیاری زۆریان لێنەکردووە.
 
فەوزییە ئەمین سەیدۆ دوو خوشک و پێنج برای هەیە و باوکی کۆچی دواییکردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کەرتی غەززە بکات، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای زیاتر لە چوار مانگ هەوڵ و بەدواداچوون، بە هەوڵی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی، هاوئاهەنگی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و عومان و دەسەڵاتدارانی ئوردن، فەوزییە ئەمین سەیدۆ، گەڕێندرایەوە.
 
خەیری بۆزانی، بەرپرسی دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی، رۆژی پێنجشەممە (03-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین، هەر کەسێک ببێتە هۆی رزگارکردن، یاخود ئاسانکاریی بکات بۆ رزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی، ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین." 
 
وەک وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی دەکات، دوێنێ بە هاوئاهەنگی و سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، فەوزییە گەڕێندرایەوە، ئێوارەی دوێنێ رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند. خەیری بۆزانی گوتی: "تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 581 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون."
 
هەر لەوبارەیەوە دەزگەی هەواڵگریی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، فەوزییە ئەمین سەیدۆ-یان ئازاد کرد، کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو.
 
دەزگەی هەواڵگریی عێراقی، بەبێ ئاماژەکردن بە وردەکاریی زیاتر، رایگەیاند، پرۆسەی لێکۆڵینەوەیان دوای ئەوە دەستپێکرد کە چەند سەرەداو و زانیارییەکیان لەبارەی فەوزییەوە پێگەیشت کە لە یەکێک لە وڵاتە هەرێمییەکانە، دواجار بەیانیی رۆژی چوارشەممە گەیێندرایەوە بەغدا و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی دەوامی رێکخەری نوێ لە گەڕەکی کوردساتە لە سلێمانی و پێشتر شوێنی رادیۆی نەوا بووە

سبەی مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە سلێمانی دەکرێتەوە و بەرپرسانی رەتیدەکەنەوە بچنەوە گردەکە

"مەکۆی سەرەکیی" بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، لەمەوبەدوا دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرە نوێیەکەی گۆڕان لەو باڵەخانەیەدا دەوام دەکات.