سەرۆک لیستێکی گۆڕان: لەبەر کێشە نێوخۆییەکان کارنامەکەمان بڵاونەکراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان کارنامەی هەڵبژاردنی بڵاونەکردووەتەوە. سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی هەولێر دەڵێ: "پەیوەندی بە کێشە نێوخۆییەکانەوە هەیە."
 
9 رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، تەواوی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان کارنامەیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هێشتا لیستی گۆڕان کارنامەکەی بڵاونەکردووەتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024 چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە پارێزگەی سلێمانی و رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو کارەکانی کارنامەی لیستەکەمان تەواوبوون، ئەگەر چاپکرا بڵاودەکرێتەوە."
 
رۆژی شەممە، 28/9/2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە بە وەکالەت رێکخست.
 
ئەمە دوای ئەوە هات کە لەلایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە رێگەیان پێنەدرا و رۆژی 27/9/2024، دەرگەی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە روودا داخرا و دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکە راگیرا.
 
ئەمە ناڕەزایی لەنێو بزووتنەوەکە دروستکرد و بەشێکی ئەندامان و هەڵسووڕاوان دژی ئەو هەنگاوە وەستانەوە، ئەمەش کێشەی خستە نێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە. 
 
لەبارەی دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی کارنامەی لیستی گۆڕان و پەیوەندیی بە کێشە نێوخۆییەکانیانەوە، هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی کارنامەکە، پەیوەندیی بە کێشە نێوخۆییەکانەوە هەیە، ئێمە نەمان شاردووەتەوە کێشەمان هەیە، بەڵام ئەوانەی سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشە دەکەن، لە کارەکانیان بەردەوامن."
 
هێمن شێخانی روونیکردەوە، "ئێمە ئامانجمان دیارە و هەڵوێستمان روونە، ئەوەی لە کارنامەکە بووەتە کێشە رەنگە پەیوەندیی بە هەندێک تێڕوانین و دەستەواژەوە هەبێت، کارنامەکە تەنیا پەیوەندیی بە بانگەشەوە نییە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا ببینە ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک، ئەگەر یەک کورسی یان 15 کورسی بەدەستبێنین، بەشداری لە حکومەت ناکەین، چونکە ئەوە زیانی پێگەیاندووین."
 
گوتیشی: "پێشبینی دەکەم یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو کارنامەی لیستی گۆڕان بڵاوبکرێتەوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکات.