زانکۆکان ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاری نوێ دەکەن؛ کورسیی خوێندن زۆرە و قوتابی کەم

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان 20 زانکۆ حکومیی هەن و دابەشی سەر شارەکان بوون. وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، توانای وەرگرتنی 60 هەزار دەرچووی 12ـی ئامادەییان هەیە. بەرپرسانی زانکۆکانیش دەڵێن ئامادەکارییان بۆ وەرگرتنی خوێندکاری نوێ کردووە.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرترین دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕایی بۆ دەرچووان دەڕەخسێنین. بە دڵنیاییەوە هیچ کەسێک لە دەرەوەی پلانی وەرگرتنی خوێندن بۆ ساڵی 2024 – 2025 نامێنێتەوە."
 
هەروەها بە گوتەی د. خەتاب ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ رووداو، بۆ خوێندنی ساڵی 2024- 2025، وەزارەتەکەیان توانای وەرگرتنی زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەیە.
 
بەشێک لە زانکۆکان: ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاران کراوە
 
زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان بۆ وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کردووە. د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پێنج کۆلێژدا 28 بەشمان هەیە و ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن."
 
لە زانکۆی سۆران کۆلێژەکانی یاسا، پەروەردە، زاست، ئاداب و ئەندازیاری هەن. د. رزگار سەعید دەڵێت، ساڵانە توانای وەرگرتنی هەزار و 400 خوێندکاری نوێیان هەیە.
 
زانکۆی کۆیە ساڵانە نزیکەی پێنج هەزار خوێندکار وانەی تێدا دەخوێنن. محەممەد سەید گوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، لە 29 بەشی جیادا ساڵانە نزیکەی هەزار و 250 خوێندکاری نوێ وەردەگرن.
 
لە زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵیش ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاری نوێ کراوە. د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زانکۆکەیان ساڵانە نزیکەی دوو هەزار خوێندکاری هەیە.
 
زانکۆی چەرموو 13 بەشی لە سێ کۆلێژدا هەیە. هەڵەت رەشید دەڵێت، بۆ هەر بەشێک توانای وەرگرتنی 40 خوێندکاریان هەیە و بەگشتی بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەتوانن 520 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەربگرن.
 
ئەو کۆلێژانە چین ئێستا لە بازاڕدا هەلی کاریان دەستدەکەوێت؟
 
بە گوتەی بەرپرسانی زانکۆکان بۆ رووداو، بەشەکانی ئایتی، بزنس، ئینگلیزی، کۆلێژی پەروەردە، ئەندازیاری، ئەندازیاریی فڕۆکەوانی، زمانی ئینگلیزی و زمانە بیانییەکان، بەشە تەکنیکییەکان، بەشەکانی ژمێریاری و کارگێڕی کار لەو بەشانەن زۆرترین خواستیان لە بازاڕی کاردا لەسەرە.
 
هەروەها بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، فەلسەفە، زانستە سیاسییەکان، مێژوو، جووگرافیا خواستیان لەسەر کەم بووەتەوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 05ـی ئەم مانگە دوایین رۆژی کارابوونی سیستمی زانکۆلاینە بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.
 
ئەم ساڵ 21ـی ئەیلوول زانکۆلاین کارا کرا، تاوەکو کۆتایی ئەو مانگە، 71%ـی دەرچووانی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان داواکارییان لە رێگەیەی سیستمەکەوە پێشکێش کردووە، واتە 39 هەزار دەرچووی ئەم ساڵ و 6 هەزار دەرچووی ساڵانی پێشوو.
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم ساڵ 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی ناوەکانیان لە وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی خوێندنی باڵا کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچوو زیاترن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە