رووداو دیجیتاڵ
سوپای عێراق بەچڕی چاودێریی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەکات، هەمەری سەربازی لە دەشت و چۆڵایی جێگیر کردووە و رێگە نادات جووتیاران کار بکەن. هەریەک لە گوندەکانی پەڵکانە، گابەڵەکە، شەناغە، خەرابە و سەربەشاخ چالاکیی کشتوکاڵییان لێ قەدەخە کراوە.
جووتیاران دەڵێن، هەرکەس تەنانەت بچێتە سەر زەوییەکەشی، سوپا دەستگیری دەکات. دلێر کاکە ئەحمەد، جووتیاری گوندی گابەڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "[سوپاس] هیچ بیانوویەکیان نییە، من بە دەیان نووسراوی پێ نیشان دەدەم، بەڵام ئەوان تەنیا دەڵێن: فەرمانمان پێ کراوە و رێگە نادەن کار بکەین."
فەرهاد ئیسماعیل، جووتیاری کوردی دانیشتووی گوندی پەڵکانە بە رووداوی گوت، "سوپا دێن مەڕەشەکان تێک دەدەن و دەیشکێنن، زیانێکی زۆری لێ دەدەن و کەس بۆی نییە کار بکات."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کێشەی ئەو گوندانە. نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، ئامانجی کاری لیژنەکە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بووە بە رێکاری یاسایی و ئەمنی، بەڵام ئەوان دەیان بەڵگەیان خستووەڕوو و، بۆ لیژنەکەی سەلماندووە کێ خاوەن مافە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، "لیژنەکە بۆ ئەوە پێکهاتبوو کە زەوییەکان لە کورد بسەننەوە و بیدەن بە عەرەبی هاوردە، بەڵام لیژنەکەی ئێمە هەموو بەڵگە یاساییەکانمان پێ بووە و پێمان گەیاندوون."
ئیدارەی ناحیەی سەرگەڕان دەڵێت، راگرتنی کاری جووتیاران زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە و وادەکات خەڵک ناچاربن سنوورەکە جێبهێڵن.
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەکالەت باسی لەوە کرد، "لەم ماوەیەی دواییدا بڕیارێکی سەربازی درا بەوەی نەهێڵدرێت خاوەنەکانیان بچنە سەر زەوییەکانیان، خەڵک کە بێ ئیش بوو، زیانی بۆ ئابووریی وڵاتەکەمان دەبێت."
گوشاری سەر جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، پەیوەستە بەو هەوڵانەی هاوردەکان لە سنوورەکە لە رێگەی پەیوەندیی تایبەتیانەوە لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک و هێزە سەربازییەکان، لەکاتێکدا ئێستا بڕیاری 29 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ماف دەداتەوە بە جووتیارانی کوردی خاوەن زەویوزار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ