کشتوکاڵی سەرگەڕان لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی 424 گرێبەستی عەرەبی هاوردە نووسراوی بۆ کشتوکاڵی کەرکووک کردووە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی عەرەبی هاوردە و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، هۆبەی کشتوکاڵیی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز لە سنووری پارێزگای کەرکووک، نووسراوی هەڵوەشاندنەوەی 424 گرێبەستی عەرەبی هاوردەی بۆ  کشتوکاڵی کەرکووک بەرزکردووەتەوە، هەروەها داوای یەکلاکردنەوەی 66 گرێبەستی دیکەشی کردووە. 
 
محەممەدئەمین سادق، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکار لە جووتیارانی سەرگەڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بڕیاری ژمارە 29 خەریکە جێبەجێ دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک گشتاندنی بۆ هەموو هۆبە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک کردووە لەوانەش سەرگەڕان، پاڵپشت بەو بڕیارە لە نووسراوەکەدا داوایکردووە ناوی هەموو گرێبەستەکانی عەرەبی هاوردەیان بۆ بنێرن کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە تاوەکو ئەوانیش گرێبەستەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام تائێستا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.
 
محەممەدئەمین سادق روونیکردەوە، ئەمە دوو قۆناخە، قۆناخی یەکەم هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی عەرەبی هاوردەیە، کە نزیکەی 2 هەزار و 800 گرێبەست لە پارێزگای کەرکووک دەگرێتەوە بە سەرگەڕانەوە. قۆناخی دووەم: لە رێگەی وەزارەتی داد و فەرمانگەی تۆمارکردن (تاپۆ) ئەو زەوییانە بە ناوی کوردەکان بکرێنەوە،  کە ئەو قۆناخەیان هیچ کاری لەسەر نەکراوە.
 
سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکار لە جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، لە سنووری سەرگەڕان بڕیارەکە نزیکەی 424 گرێبەستی عەرەبی هاوردە دەگرێتەوە، کە 5 بۆ 6 هەزار دۆنم زەوییە، هەر گرێبەستێک لە نێوان 100 بۆ 150 دۆنمە و، کەسی وا هەیە دوو گرێبەستی بەناوە.
 
ئەو گوندانەی بڕیاری ژمارە 29 دەیانگرێتەوە لە سنووری سەرگەڕان بریتین لە: مەلحەوالی، قووچ، سەرگەڕان، دوازدە هەوار، بیر مهێدی، قەپڵان، لهێبان، هەمین مردی، چاربەردە، خەرابە، سلێمان بەخشیان، گڕاو، قەراتە سۆران، سارتک.
 
محەممەدئەمین سادق، گوتی، هۆبەی سەرگەڕان 424 گرێبەستەکەی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک کردووە، "چوار بۆ پێنج گوندی  دیکە هەیە، دەمانەوێ لەگەڵ ئەمانەی بدەین کە بریتین لە گوندەکانی : گابەرەکە، شەحەل، دڕکە،  سێبران و داود گورگە. ئەمانە بڕیاری جیاوازن نەک 29 کە 66 گرێبەستی دیکە دەگرێتەوە، کە ئەمانەش دەکاتە نزیکەی حەوت هەزار دۆنمی دیکە".
 
لە سەرگەڕان 38 گوند هەن، 24 گرێبەستی کشتوکاڵی و 12 موڵکن و 2 دیکەیان گرێبەستیان نییە زەوی شاخاوین، کە بریتین لە دەرماناوە و  قەرەبۆتک، بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆی گشتی گرێبەستەکانی سەرگەران 490 گرێبەستن، سێ رۆژ لەمەوبەر 424یان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک کراون بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، هەروەها نووسراوی 66 گرێبەستەکەی دیکەش کراوە کە نزیکەی چوار گوندن، تێیدا داواکراوە چارەنووسی ئەوانیش یەکلایی بکرێنەوە لەگەڵ بڕیارەی 29 هەژمار بکرێت یاخود نا. 
 
لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو کشتوکاڵی کەرکووک هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەستپێکرد کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکووری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس کە بەهۆیەوە نزیکە سەدان هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکووک داگیرکران.
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، کە رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023 بە ژمارە 21081 دەرچووە و ئاراستەی هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی "پردێ، یایجی، مولتەقا، تازە، لەیلان، سەرگەڕان، شوان و قەرەهەنجیر" بە ناونیشانی "جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی ژمارە 76ـی لێژنە" کراوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی 2012 کە تایبەتە بە زەویی کورد و تورکمان.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 24-1-2012یدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ـی دەرکرد کە بریتییە لە:
 
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە کوژاندنەوەی مافی رەفتارکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
 
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن لە بەهای دامەزراوەکانیان و ئەو شتانەی چاندوویانە و هەر نوێکردنەوەیەک کردوویانە لەسەر ئەو زەوییانە و گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بەپێی ئەم بڕیارە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەیان بە پێدانی زەویی نیشتەجێبوون لە پارێزگا رەسەنەکانیان بە مەرجێک نزیک بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی رەسەنیان.
 
بەپێی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوکاڵی کەرکووک، کە رۆژی 11ـی ئەیلوول دەرچووە، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە: 
 
- فەرمانکردن بە هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکان ناوی ئەو جووتیارانەیان پێبدات کە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور دەیانگرێتەوە.
- سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەسەر ئەو زەوییانەی کراون کە بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور کراون بە هەڵوەشاوە هەژماردەکرێت.
- پێویستە لەسەر هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی پەیوەندیدار ناوی ئەو جووتیارانەی بڕیارەکەی سەرەوە دەیانگرێتەوە نەخەنە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە.
- رەفتار نەکرێت بەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بڕیارەکانی کوژاندنەوە دەیانگرێتەوە، بۆ هیچ مەبەستێک بێت، لەگەڵ رایینەکردنی مامەڵەکانی کردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی یان وەبەرهێنان.
- فەرمانکردن بە هۆبە کشتوکاڵییەکانی پەیوەندیدار بە وەرگرتنی داواکاریی ئەو جووتیارانەی بڕیاری سەرەوە دەیانگرێتەوە بۆ پێشکێشکردنی داوای قەرەبووکردنەوە بۆ ئەوانەی قەرەبوو نەیگرتوونەتەوە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیانەوە، لەگەڵ دیاریکردنی ئەو پڕۆژانەی لەسەریان کراون وەکو "هەڵکەندنی بیر، پەڕژینەکان و شتی دیکەش."
- رایینەکردنی هیچ مامەڵەیەک لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەگەر بۆ کشتوکاڵ بەکارهێنرابوون و نوێکردنەوەی نەخشەی سەرەکی یان نزیکیی لە فراوانکردنی سنووری شارەوانیی دراوسێی.
 
لەدوای ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە داگیرکراوە و کراون بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری و دارایی و کشتوکاڵ. 
 
رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و، تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 دەکاتەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.