بەهۆی لافاوەوە خوێندن لە 5 قوتابخانەی ئامەد لە باکووری کوردستان وەستێندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە شارۆچکەی قوڵپی سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان، قایمقامیەت پشوویەکی سێ رۆژەی بۆ 5 قوتابخانە راگەیاند.
لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 3-10-2023ـەوە بارانی بەلێزمە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان باری؛ شارۆچکەی قوڵپی سەر بە ئامەد یەکێک لەو شوێنانە بوو کە لافاو تێیدا دروستبوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی قایمقامیەتی شارۆچکەی قوڵپ، 5 قوتابخانەی سنووری شارۆچکەکە لە رۆژانی 3، 4 و 5ی تشرینی یەکەم لە پشوودا دەبن. ئەو 5 قوتابخانەیە ئەوان کە لافاو زیانی پێگەیاندوون.
وان، کیلیس، خارپێت، دیلۆک و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستانیش کەوتوونەتە بەر ئەم شەپۆلی بارانە. بەگوێرەی کەشناسی، شەپۆلی بارانبارینەکە تاوەکو 5 رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.
ئاسمانی پارێزگای وان بە هەور داپۆشراوە و پلەی گەرما 11ی سیلیزییە. بەگوێرەی کەشناسی، رۆژی چوارشەممە باران دەبێت. لە پارێزگای کیلیسیش رۆژی سێشەممە بارانی زۆر باری و لە چەند شوێنێکدا لافاو دروستبوو؛ ئێستا ئاسمانەکەی نیمچە هەورە و پلەی گەرما 19ی سیلیزییە.
لە پارێزگای خارپێتیش پلەی گەرما 14ی سیلیزییە؛ لە پارێزگای دیلۆک پلەی گەرما 17ی سیلیزییە و دوای بارانی زۆر، ئاسمانەکەی ساماڵە.