تورکیا بۆردوومانکردنی 16 پێگەی پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 16 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باشووری کوردستان لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە بۆردوومانکراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوەکەدا کە کاژێر 21:11ی سێشەممە، 3-10-2023، بڵاویکردەوە، دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی تورکیا کراون و "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی پەکەکە/کەجەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان؛ کاژێر 20:00ی رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامدرا".
سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 16 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختیکردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا رێکاری تەواو گیراوەتەوە بەر بۆ ئەوەی خەڵکی بێتاوان و شوێنی مێژوویی زیانیان بەرنەکەوێت.
قایمقامی قەزای ماوەت: بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە دەڤەری شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیک کاژێر 08:00ـی ئەمشەو، فڕۆکەی جەنگی نێوان گوندەکانی سەفرە و گەڵاڵەی بۆردوومان کرد".
قایمقامی ماوەت گوتیشی، بۆردوومانەکە دوو کیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵەوە دوور بووە، کە گەورەترین گوندی دەڤەری شارباژێڕە. لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە کامەران حەسەن گوتی، "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
قایمقامی ماوەت ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیا نین لەوەی فڕۆکەی چی وڵاتێک بووە، بەڵام "لە رابردوودا ئەو بۆردوومانانەی کراون بە فڕۆکەی تورکیا بوون".
سنووری گوندەکانی بۆکریسکان، زارگەلی، گەلی بەدران و ئیندزێ لە بناری قەندیل بۆردوومان کران، ئەوە بە گوێرەی بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ و بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر.
موسڵح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای رواندز لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکان گوندەکانی بناری قەندیلیان بۆردوومان کرد؛ گوندەکانی بۆکریسکان، زارگەلی و گەلی بەدران بە چڕی بۆردوومان کران".
هاوکات نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی، هەر ئەمشەو گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل بۆردوومان کرا.
هێرشەکەی سەر ئاسایشی ئەنقەرە
کاژێر 9:30 خولەکی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا.
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ن هێرشەکەیان کردووە.
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 20 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی دیارینەکردووە.
ماوەی دوو رۆژیشە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئۆپەراسیۆنیان لە چەندین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێکردووە و دەیان کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکردووە.